زریانی سەدە گەیشتە کەناراوەکانی فلۆریدای ئەمریکا

PM:02:01:10/10/2024

1364 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری زریانەکانی ئەمریکا رایگەیاند، زریانی مێڵتۆن کە بە "زریانی سەدە" ناسراوە گەیشتە ویلایەتی فلۆریدا و بەهۆی زریانەکەوە خێرایی با گەشتووەتە زیاتر لە ١٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

سەنتەری زریانەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمە چوارەم شەپۆلی زریانەکەیە کە گەیشتووەتە کەناراوەکانی کەنداوی فلۆریدا و ئەگەری هەیە یەکێک بێت لە وێرانکەرترین زریانەکان کە ناوچەکەی بگرێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، بەهۆی هاتنی زریانەکەوە تەنها دوێنێ ٤٢٢ ملیم باران باریوە و لافاوێکی زۆر لە شارەکانی تامپا و سانت پترسبۆرگ دروست بووە، باسی لەوەشکردووە، بەهۆی زریانەکەوە زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی ئاوارە بوون.

سەنتەرەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە زیانی گیانی، پێشبینی دەکرێت زیانی ٦٠ تا ١٠٠ ملیار دۆلار بگەیەنێت بە ئابووری ناوچەکە و جیهانیش.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە کەمترلە دوو هەفتەیە ئەمریکا ڕووبەڕووی زریانی هێلین بووەوە کە یەکێک لە زریانە بەهێز و مێژووییەکان دادەنرێت لەو وڵاتەدا و زیانێکی زۆری مادی لێکەوتەوە و ١٦٢ کەسیش گیانیان لەدەستدا.