شۆکی سۆزداری بریتییە
لە کاردانەوەیەکی دەروونی بەرامبەر بە دۆخێک یان کێشەیەک کە مرۆڤ تووشی بووە و فشاری
توندی لەسەرە کە وا دەکات رووبەرووی دڵتەنگی و دڵشکان ببێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک
کە لە ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ میند" بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات رووداوە
ناخۆشەکانی ژیان کە توند و ئازار بەخشن دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی رێژەی خانەکانی
دڵ و هەستکردن بە دڵشکان و تێکچوونی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتی، ئەم نەخۆشییە
کاتێک روودەدات کە لە پڕدا ماسولکەی دڵ لاواز دەبێت و شێوەی ژووری چەپی دڵ
دەگۆڕێت، هەروەها زانایان باس لەوە دەکەن خانەکانی دڵ پەیوەستن بە خەمۆکی و
دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونییەوە، چونکە بە دوایدا شۆکی سۆزداری دێت و کاریگەری دەبێت
لەسەر شکاندنی دڵ.
ئەو کەسانەی بە
دەست حاڵەتێکی ناخۆشەوە دەناڵێنن کە زۆر
جار لەدوای تێکچوونی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیان یان لە دەستدانی خۆشەویستەکانیان
رووبەڕووی دەبنەوە، چەندین نیشانەی جیاواز لەسەر جەستەیان دەردەکەوێت، گرنگترین نیشانەکانیش
بریتین لە:
١.
سڕبوون لە هەندێک شوێنی جەستەدا، بە تایبەت دەست و قاچەکان.
٢. سەرئێشەی
توند و بەردەوام.
٣. هەستکردن بە ڕشانەوە
و سکچوونێکی توند.
٤. سەرگێژخواردن.
٥. هەناسە تەنگی
و سەختی ڕێکخستنی هەناسەدان.
٦. گرژبوونی
توندی ماسولکەکان.
٧. زیادبوونی لێدانی
دڵ.
٨. بێتوانایی لە
جوڵە و تەنانەت نەبوونی ئارەزوو بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ئاساییەکانیش.
٩. لەدەستدانی
ئارەزووی خواردن.
١٠. بێتوانایی لە
دەربڕینی هەستەکان و قسەکردن بە شێوەیەکی دروست.
جێگەی باسە
پسپۆرانی بواری دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن زەبر و زەنگی سۆزداری پەیوەندی بە لێبوردەیی
و توانای کەسێکەوە نییە، بەڵکو کەسەکە بەبێ ویستی خۆی نەخۆش دەکەویت و رووبەرووی ئەو
دۆخە ناخۆشە دەبێتەوە، پێویستە نەخۆشەکە داوای
یارمەتی دەروونی تایبەتمەند لە پزیشکانی پسپۆڕ بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست و
گونجاو.