ئایا تاکو ئێستا
چوویتەتە ژوورێکەوە و بیرت چووبێت بۆچی چوویت، یان خەریک بووە قسەیەک بکەیت بەڵام
لەناکاو بیرت چووەتەوە دەتویست بڵێیت چی؟..
بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن "لایڤ ساینسـ"ـەوە بڵاوکراوەتەوە، مێشکی
مرۆڤ بە گشتی هاوسەنگی لە نێوان ژمارەیەکی بێشوماری زانیاری و بیرکردنەوە و کردارەکاندا
دروست دەکات، بەڵام هەندێکجار، پێدەچێت بە هەڵەدا بچێت، کەواتە بە راستی چی روودەدات
کاتێک ویستەکانی چەند خولەکێک لەمەوبەرمان بیر دەچێتەوە؟
تێگەیشتن لە هۆکاری
بیرچوونەوە، سەرەتا پێویستی بە تێگەیشتنە لە چۆنیەتی کارکردنی یادەوەری و رەواندنەوەی
هەندێک لە باوەڕی باو سەبارەت بە بیرەوەری.
سوزان گیجی، مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی نۆرس ئیستەرن بە "لایڤ ساینسـ"ـی
وتووە "بیرەوەری یەک جۆر نییە، پێکهاتەی زۆر جیاواز لە بیرەوەری هەیە، هەروەها
پەیوەندییان بە پرۆسەی هزریی جیاوازەوە هەیە".
لەم حاڵەتەدا
گرنگە بزانین دەربارەی دوو جۆرە جیاوازەکەی بیرگە، کە بریتین لە بیرگەی درێژخایەن
و بیرگەی کورتخایەن، یادەوەری درێژخایەن پۆلێکی فراوان و فرەلایەنەی بیرەوەرییە کە
بریتییە لە زانیاری و ئەزموون و لێهاتوویی کە لە مێشکدا بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵگیراون،
لە چەند کاتژمێرێکەوە تا تەمەنێکی تەواو، لە لایەکی ترەوە هەندێک بیرکردنەوە لە یادەوەری
کورتخایەندا تەنها بۆ چەند چرکەیەک یان چەند خولەکێک لە یەک کاتدا بە مێشکدا تێدەپەڕن.
ئیرل میلەر، مامۆستای
زانستی دەمار لە زانکۆی MIT دەڵێت، بیرەوەری کورتخایەن لە ئاگایی مرۆڤدا کارایە، هەر
پارچەیەکی بچووکی زانیاری نوێ و گفتوگۆیەک و هاتنە ژوورەوەی زانیاری بۆ بیرگەی
کورتخایەن ئەگەری شاردنەوە یان لێڵکردنی زانیارییەکەی پێش خۆی هەیە.
بیرگەی کورتخایەن
توانای زۆر سنوورداری هەیە، هەندێک مشتومڕ لەسەر ئەوە دروست بووە کە سنوورەکە بە تەواوی
چییە و چۆن تاقی بکرێتەوە، بەڵام دەروونناسەکان مەزەندە دەکەن کە مرۆڤەکان دەتوانن
نزیکەی چوار بۆ حەوت "پارچە" زانیاری وەک پیت، ژمارە، وشە یان دەستەواژە
لە بیرگەی کورتخایەنیاندا لە یەک کاتدا هەڵبگرن.
مێشک بە خێرایی
شتە ناگرنگەکان لە بیرەوەری کورتخایەندا دەسڕێتەوە بۆ ئەوەی شوێن بۆ زانیاری نوێ
بکاتەوە، کەواتە، تا ئەو یادەوەرییە کورتخایەنانە نەگوازرێنەوە بۆ یادەوەرییە درێژخایەنەکان
"پرۆسەیەک کە پێی دەوترێت چەسپاندن"، زۆر زوو لە ئاگاییدا نامێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد،
بەو پێیەی مێشک بەڕاستی توانای فرەکارکردنی نییە، دەبێت هاوسەنگی لە نێوان زانیارییە
نوێیە جیاوازەکاندا هەبێت لەکاتێکدا بیرەوەری کورتخایەن دەکەوێتە گێژاوی زانیارییە
تازەکانەوە، کە ئەمە پێویستی بە هەوڵ و سەرنجی هۆشیارانە هەیە و لەلایەن بەشی پێشەوەی
مێشکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە بوارێکە کە بەشدارە لە فێربوون و بڕیاردان و بیرکردنەوەی
ئاڵۆز.
میلەر روونیکردەوە:
" وەک ئەوە وایە مێشک یەکێک لە 'تۆپەکان' بخاتە خوارەوە و بەوەش شتەکان لەبیر
بکەین." مێشک زۆربەی کات مەیلی ئەوەی هەیە کە تۆپەکە بخاتە خوارەوە لە بیرەوەری
کورتخایەندا، کاتێک خەوتووە یان بە هەر هۆکارێک نا چالاکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە
تەمەنیش هۆکارێکە، کارکردنی بیرەوەری کورتخایەن لە تەمەنی بیست ساڵیدا دەگاتە لوتکە
و لە تەمەنی ناوەڕاستدا دەست بە دابەزین دەکات.
بۆ ئەوانەی بەردەوام
لەگەڵ لەبیرچوونەوەدا دەجەنگن، هەندێک ئامۆژگاری هەیە کە لەسەر بنەمای بەڵگەی
زانستی دامەزراوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەسەر بیرچونەوەی زۆر شتدا زاڵبن، میلەر
ئامۆژگاری دەکات، پێویستە خۆت بەدوور بگریت لە فرەکارکردن، ئاماژەی بەوەشکردووە،
کاتێک کەسێک فرەکارە و پێی وایە ئەم پاڵەپەستۆیە ئاساییە لەسەر مێشکی، بە هیچ جۆرێک
راست نییە و ئەمە وادەکات جەنجاڵی لە مێشکیدا ئەگەری لەبیرکردن زیاتر بکات.
لە کاتێکدا جایێگی
رێنماییمان دەکات، چی بکرێت کاتێک لەگەڵ چوونە ژوورەوەمان، بیرمان دەچێتەوە بۆچی
هاتووین، دەربارەی ئەمەش رایگەیاندووە: "دروستکردنەوەی دیمەنەکە لە خەیاڵتدا
دەتوانێت یارمەتیدەر بێت"، ئەمەش واتە گەڕانەوە بۆ ئەو ژوورەی کە پێشتر لێی
بوویت، یان گەڕاندنەوەی بیرکردنەوەکانی لە کاتی گفتوگۆدا، ئەم ئاماژە راستەوخۆیانە
بۆ مێشک دەتوانن بە رادەی پێویست پاڵنەر بن بۆ ئەوەی بۆ چەند چرکەیەک لە بیرەوەری
کورتخایەندا هاموشۆ بکەیت و بچیتە دواوە و ویستەکە "قسەکە یان مەبەستەکە"
وەربگریتەوە پێش ئەوەی بە تەواوی نەمێنێت.
H.Y