خانمە هونەرمەندێک تووشی شێرپەنجە بوو

AM:10:55:09/10/2024

32444 جار خوێندراوەتەوە

خانمە هونەرمەند كندە علوش نهێنی زیادبوونی کێشی ئاشکرا کرد و رایگەیاند بەهۆی شێرپەنجەوە بووە.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، هونەرمەند كندە علوش لە بەرنامەی " كلام نواعم"ی کەناڵی MBCرایگەیاند کە دوای نۆ مانگ لە لەدایکبوونی کوڕەکەی تووشی شێرپەنجە بووە و وتیشی " لە کاتی شیرپێداندا هەستم بە ئازارێکی زۆر دەکرد هەرچەندە شیرپێدانم وەستاند بەڵام ئازارەکە هەر بەردەوام بوو، دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆم دەرکەوت کە تووشی شێرپەنجە بووم"

ڕوونیشیکردەوە، چارەسەری شێرپەنجە وایکردووە کێشی جەستەی زیاد بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە لەژێر کاریگەری بۆچوونی کەسانی دیکەدا نەبووە بەڵام بەهۆی کاریگەریی ئەو کێشە زیادەیەوە لایەنی دەروونی بە خراپی تێکچووە.

لە درێژەی قسەکانیشیدا ئەو خانمە ئەکتەرە باسی لە سەرەتای نەخۆشییەکەی کرد لەگەڵ شێرپەنجەی مەمک و ئەو ئاستەنگییانەی کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد خێزانەکەی بە بەردەوامی لەگەڵیدا بوون هیوایان پێبەخشیوە.

كندە علوش وتیشی " هەموو ئەو ژنانەی کە شێرپەنجەی مەمکیان هەیە دەڵێم کە تۆ بەهێزیت، ئەگەر بە ئەرێنی و خۆشەویستی و ڕازیبوونەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکەیت، بەبێ ترس هەوڵبدە بیرکردنەوە نەرێنییەکان لە خۆت دەربهێنیت، هیوادارم هەموو ئەو کەسانەی کە نەخۆشن بە ئاسانی ئەمە تێپەڕێنن"