چی وا دەکات باوێشک بدەین؟

PM:01:43:08/10/2024

2232 جار خوێندراوەتەوە

میکانیزمێکی دیار و ڕوون دەربارەی باوێشک بوونی نییە، چەند هۆکارێک خراونەتەڕوو دەربارەی ئەم چالاکییە، دەکرێت باوێشک ببێتە هۆی نەمانی تا و هەندێکی دیکە دەڵێن ئاماژەیەکە بۆ جەستە کە دەیەوێت ئۆکسجینی پێویست وەربگرێت.

لە ماڵپەڕی "eremnews" بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە یەکێک لە توێژینەوەکان دەکات دەربارەی باوێشکدانی زۆر، تا ئێستا ڕوون نییە کە هۆکاری دیاریکراوی باوێشکدان چییە بەڵام پسپۆران باس لەوە دەکەن کە چەندین هۆکار هەن بۆ باوێشکدان.

بەشێک لە پسپۆران پێیان وایە باوێشک پەیوەندی بە ماندووێتی و خەواڵووییەوە هەیە کە کەسەکە بە شێوەیەکی نەخوازراو ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی بە ئاگا بمێنێتەوە.

بە گوتەی پزیشکان، باوێشک کاتێک ڕوودەدات کە جەستە پێویستی بە ئۆکسجین هەبێت لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و زیادبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ئەمە ڕەنگە باوترین هۆکار بێت.

هەندێک لە دکتۆرەکانیش باس لەوە دەکەن کە باوێشکدان کردارێکە مێشک ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی جەستە لە گەرمبوون بپارێزێت و ساردی بکاتەوە هەروەها بۆ ئەوەی سوڕی خوێن چالاک بکات و خوێن بە باشی بچێت بۆ مێشک.

بەپێی بۆچوونی دەرونناسانیش کاتێک کەسێک دەست بە باوێشک دان دەکات کەسەکانی چواردەوری لەگەڵیدا دەست بە باوێشکدان دەکەن بەبێ ویستی خۆیان.

لە دواین لێکۆڵینەوەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە باوێشکدان بەڵگە نییە لەسەر پێویستی مرۆڤ بە ئۆکسجین یان خەوتن، بەڵکو ئاماژەیە بۆ پێویستی کەسەکە بۆ جوڵە، چالاکی، ڕزگاربوون لە بێهێزی و چالاککردنی ماسولکەکانی دڵ.