دەیڤید بێکهام و هاوسەرەکەی کۆشکێکیان بە ٨٠ ملیۆن دۆلار کڕی

PM:02:15:06/10/2024

2452 جار خوێندراوەتەوە

دەیڤید بێکهام یاریزانی پێشووی تۆپی پێ و هاوسەرەکەی ڤیکتۆریا دیزاینەری جلوبەرگ کۆشکێکیان بە بەهای نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلار لە شاری میامی ئەمریکا کڕی.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، ئەو دوو هاوسەرە کاتەکانیان لەنێوان ئینگلتەرا و ئەمریکادا دابەش دەکەن، بە بەردەوامی هاتووچۆ دەکەن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

جێگەی باسە ئەو دوو هاوسەرە خاوەنی خانوویەکن بە بەهای ٣١ ملیۆن پاوەند لە هۆڵاند پارک لە لەندەن لەگەڵ خانوویەکی دیکە بە بەهای ١٢ ملیۆن، ئەمە جگە لە شوقەیەکی پێنج ژووری نوستن و گرانبەها بە بەهای ١٧ ملیۆن.

هەبوونی ماڵێک لە میامی بۆ یاریزانی پێشووی مانچستەر یونایتد و ئینگلتەرا زۆر گرنگە، چونکە بەشێکی زۆری کاتەکانی لەوێ بەسەر دەبات، بەو پێیەی خاوەنی یانەی تۆپی پێی ئینتەر میامییە لە خولی ئەمریکی.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە موڵکەکە ١٣٠٠ مەتر چوارگۆشەیە و ٩ ژووری نوستن و ١٣ گەرماو و هۆڵی وەرزش و سپا لەگەڵ ژووری مەساج و سینەمای ماڵەوە لەخۆدەگرێت.

هەروەها مەلەوانگەیەکی گەورە و ژووری میوانی تایبەت و گەورە لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا چێشتخانە و هۆڵێکی دانیشتن کە دیمەنی سەرنجڕاکێشی کەنداوەکە لەخۆدەگرێت.

خانووەکە ژوورێکی هەیە کە ڕووی لە بەندەرەکە کردووە و یەختەکەیان بە بڕی ١٥ ملیۆن پاوەند (٢٠ ملیۆن دۆلار) لە بەندەرەکە داندراوە.

بەهۆی سەرنجراکێشی کۆشکەکە لەلایەن بریکارەکانی خانووبەرەوە ناوی لێنراوە "شاکارێکی مۆدێرن لە کەنارێکی ئاو".