دکتۆر ئۆکسانا میخالێڤا، پسپۆڕی هەناو و خۆراک،
دووپاتی کردەوە کە هەنار تایبەتمەندی تەندروستی ناوازەی هەیە و دەتوانێت لە ئەگەری
زۆر نەخۆشیدا سوودی هەبێت.
بە گوتەی ئەو وەک لە "روسیا تودەیـ"ـدا هاتووە،
"هەنار چەندین پێکهاتەی چالاکی بایۆلۆژی تێدایە و سەرنجی زانا و توێژەرانی
راکێشاوە."
ئەو دەڵێت: "ئەنجامی توێژینەوە زانستییە جیاوازەکان
ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنار تایبەتمەندییەکی بەهێزی دژە ئۆکسێنەر و دژە ڤایرۆس و
دژە شێرپەنجەی هەیە، سوودی هەیە دژ بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، نەخۆشییەکانی
ناوپۆشی جەستە، رۆماتیزم و تەنانەت وەرەم و نەخۆشییەکانی ناو دەم و ددان هەروەها
کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی پێست هەیە."
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا کە دەکرێت دەنکی هەناری تازە لەگەڵ
ناوکەکەی بخورێت، چونکە ریشاڵی خۆراکی تێدایە، ئەمەش سوودەکانی هەنار و بەها خۆراکیەکەی
زیاد دەکات، ریشاڵی خۆراکی کە زۆرجار لە خۆراکی زۆر کەسدا کەمی هەیە، چەندین سوودی
هەیە، لەوانە رێگریکردن لە شێرپەنجەی ریخۆڵە، لابردنی ماددە زیانبەخشەکان لە جەستە
و باشترکردنی کارکردنی کۆئەندامی هەرس.
ئەو پزیشکە دووپاتی کردەوە کە تەنها ناوکی نەرمی هەناری تازە
دەتوانرێت بخورێت، چونکە ناوکی رەق زیان بە پەردەی گەدە و ریخۆڵەکان دەگەیەنێت، هەروەها
پێویستە هەموو کەسێک بزانێت کە هەنار بەتەنها چارەسەری هیچ نەخۆشییەک ناکات، بۆیە
کاتێک کێشەیەکی تەندروستی دروست دەبێت، پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.
H.Y