ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ گەیشتە پێشبڕکێی کۆتایی شاجوانی گەردوون

PM:03:28:05/10/2024

800 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵەی خەڵکی کۆریای باشوور، جیهانی سەرسام کرد بە سەرکەوتن بۆ پێشبڕکێی کۆتایی شاجوانی گەردوون.

بەپێی ماڵپەڕی"oddity central" تشوى سون هوا، ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵەی خەڵکی کۆریای باشوورە، داپیرەی سێ منداڵە و مانگی داهاتوو تەمەنی دەبێتە ٨١ ساڵ.

وەک خۆی دەڵێت هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە پێشبڕکێیەکدا بکات بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی یاساکانی هەڵبژاردنی پێشبڕکێکانەوە توانی ئەوە بکات.

پێش ئەمساڵ پێویست بوو بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٨ ساڵدا بێت، بەڵام بەهۆی زیادبوونی فشارەکان بۆ ئەوەی زیاتر پێشبڕکێکە گشتگیرتر بێت، شاجوانی گەردوون ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە.

تشوى دەڵێت " دوای ئەوەی سنووردارکردنی تەمەن هەڵگیرا، لە دڵی خۆمدا گوتم سەرکەوتوو بم یان نا بەشداری دەکەم و سوود لەم دەرفەتە گرنگە دەبینم"

ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم خانمە تەمەن ٨٠ ساڵە ساڵانێکە وەک مۆدێلێکی سەرەکی کاردەکات، هەروەها لەگەڵ چەندین براندی کۆریدا کاری کردووە.

هەموو شتێک لە تەمەنی ٧٢ ساڵییەوە دەستی پێکرد کاتێک نەخۆشێک لەو نەخۆشخانەیەی کە وەک پەرستار کاری لێدەکرد پێشنیاری ئەوەی بۆ کرد کە وەک مۆدێلک کار بکات.

" یەکێک لە نەخۆشەکانم پێی وتم کە کاری مۆدێلی تاقیبکەمەوە، لەو کاتەدا خەونی کۆنی منی بەئاگا هێنایەوە کە ببمە مۆدێل، لەبەرکردنی جلوبەرگی جوان و وێنەگرتن پێشتر خەونم پێوە دەبینی."

ئەو خانمە هەندێک وانەکانی مۆدێلی وەرگرتووە و لە کاتی پشووەکانی شوێنی کارەکەیدا مەشقی ڕۆیشتنی کردووە و لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بۆ یەکەمین جار لە هەفتەی مۆدەی سیئۆل دەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "کارکردن وەک مۆدێل وەک ئەوە وابوو دەرگایەک بەڕووی ڕێگایەکی نوێدا بکاتەوە بۆ من، بۆیە لە مێشکمدا پلانم دانا و وتم سەرکەوتوو دەبم و کاری قورس دەکەم، کاتێک خەونەکەم هاتە دی، سوپاسی خودام کرد و بەردەوام بووم، ئێستاش زۆر دڵخۆشم و زۆریش کارەکەم خۆشدەوێت"

جێگەی باسە لە پێشبڕکێی کۆتایی شاجوانی گەردووندا تشوى سون هوانەیتوانی بە ئامانجەکەی بگات کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بکات لە پێشبڕکێی شاجوانی جیهان لە مەکسیکدا.