توێژینەوەیەکی نوێ
مەترسییەکانی زیادەڕۆیی کردنی خواردنەوەی زۆرێک لە خواردنەوە باوەکان ئاشکرا دەکات
کە هەندێک کەس ڕۆژانە دەیخۆنەوە کە دەبنە هۆی جەڵتەی مێشک.
توێژینەوەیەکی ئێرلەندی
لە گۆڤاری " Newsweek" بڵاو
کراوەتەوە کە تیایدا پرۆفیسۆر ئەندرۆ سمیس هۆشداری داوە لە خواردنەوەی بڕێکی زۆری خواردنەوە
گازییەکان و شەربەتی میوە و قاوە، ڕوونیشیکردووەتەوە کە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی
مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
جەڵتەی مێشک کاتێک
ڕوودەدات کە خوێن بە پێی پێویست نەڕوات بۆ مێشک ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی
خانەکانی مێشک لە ٨٧%ی حاڵەتەکاندا، کە ئەمە بەهۆی مەینی خوێنەوەیە، کە دەبێتە جەڵتەی
مێشک.
توێژەران بۆیان
دەرکەوتووە، خواردنەوە گازییەکان پەیوەندیان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە
جڵتەی مێشکەوە هەیە، بە ڕێژەی ٢٢% ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات
ئەگەر کەسێک ڕۆژانە دوو جار یان زیاتر خواردنەوە گازییەکان بخواتەوە.
هەروەها بۆیان
دەرکەوتووە کە خواردنەوەی شەربەتە ئامادە کراوەکان پەیوەندییان بە زیادبوونی ٣٧%ی
ئەگەری تووشبوون بە خوێنبەربوونی ناو مێشکەوە هەیە ، دوو خواردنەوەی لەو جۆرە لە
ڕۆژێکدا ئەو مەترسییە سێ هێندە زیاد دەکات.
سمیس باسی لەوە کرد
هەموو شەربەتە ئامادەکراوەکان وەک یەک دروست نەکراون، شەربەتی میوەی تازە زۆرترین
سوودی دروستی هەیە بەڵام شەربەتە ئامادەکراوەکان شەکر و مادەی پارێزەر و رەنگی
زیانبەخشی لەگەڵدا تێکەڵ دەکرێت کە ئەمەش زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
زۆر خواردنەوەی قاوە پەیوەندی
بە جڵتەی مێشکەوە هەیە، خواردنەوەی زیاتر لە چوار کوپ قاوە لە ڕۆژێکدا مەترسی
تووشبوون بە جڵتەی مێشک بە ڕێژەی زیاتر لە یەک لەسەر سێ زیاد دەکات.
بە پێچەوانەوەی
خواردنەوەکانی دیکە لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە خواردنەوەی سێ بۆ چوار کوپ چای
ڕەش ڕۆژانە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکەوە هەبووە بە
ڕێژەی ٢٩%، هەروەها چای سەوز بە ڕێژەی ٢٧% مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکی کەمکردووەتەوە.