شارەزایەکی بواری خۆراک هۆشداری دەدەت لە زیادەڕۆیی لە
خواردنی زەیتی زەیتون چونکە دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی گەورە.
دکتۆر ئیبراهیم عومەر
پسپۆری بواری خۆراکی رایگەیاند " دڵنیابوون لە کوالێتی زەیتی زەیتون پێش کڕینی
زۆر گرنگە، چونکە زۆربەی ئەو براندانەی زەیتی زەیتون کە لە بازاڕەکاندا هەن بە شێوەیەکی
ناتەندروست ئامادە دەکرێت"
زەیتی زەیتون تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسێنەری هەیە،
کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستن لە زۆرێک لە نەخۆشیەکان، دەوڵەمەندە بە ترشە
چەورییە نەتێرەکان و ڤیتامینە گرنگەکان، بەڵام سەرەڕای ئەو سوودانەی ئەگەر
زیادەڕۆی بکرێت لە خواردنی ئەو کاریگەری زیانبەخش لەسەر جەستە دروست دەکات.
ئەو پسپۆرە ئاماژەی بەوە کرد زۆربەکارهێنانی زەیتی زەیتون
دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی باش و بەرزکردنەوەی کۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستەدا،
ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها دەبێتە
هۆی دابەزینی شەکری خوێن بۆ ئاستێکی مەترسیدار، زیادەڕۆی کردنی هۆکارە بۆ زیادبوونی بەرگری ئەنسۆلین لە جەستەدا.