ئایا زۆر لەبەرکردن و یادەوەریکردن "پیربوونی مێشک" خێراتر دەکات؟

PM:01:51:04/10/2024

2020 جار خوێندراوەتەوە

لەبەرکردنی تێکستی گۆرانییە سەرنجڕاکێشەکان یان زانیارییەکی هەڕەمەکی کە دێتە سەر سەرت، دەتوانێت تەرکیزکردن لەسەر شتەکانی تر قورس بکات، توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دیاردەی کەڵەکەبوونی زانیاری و کاریگەرییەکانی لەسەر بیرەوەری تاوتوێ کردووە.

بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی زەوی بڵاویکردووەتەوە، بە پشتبەستن بە گۆڤاری PLOS Biology، رۆب رینهارت، مامۆستای یاریدەدەری زانستە دەروونی و مێشکەکان لە زانکۆی بۆستن، بە هاوکاری لەگەڵ هاوکارەکەی دکتۆر وێن وێن، سەرپەرشتی توێژینەوەیەکی کردووە لەسەر ئەوەی کە چۆن شلۆقی دەروونی کاریگەری لەسەر بیرەوەری هەیە لەگەڵ تەمەن .

توێژینەوەکە شێوازێکی مێشک دەستنیشان دەکات کە پێی دەوترێت گۆڕانی فرێکوێنسی بێتا، کە پێشبینی ئەدای بیرەوەری دەکات لە کەسانی بەساڵاچوودا، بە بەراورد لەگەڵ کەسانی گەنج کە توانای بەهێزتر نیشان دەدەن بۆ راگرتنی زانیارییە پەیوەندیدارەکان، دۆزینەوەکانی توێژینەوەکە روونی دەکەنەوە کە چۆن بیرەوەری لەگەڵ تەمەندا دەگۆڕێت و بەرەو لاوازی دەچێت.

کارکردنی بیرەوەری وەک ژینگەی دەروونی وایە کە رێگە بە مرۆڤ دەدات زانیاری بۆ ماوەیەکی کورت هەڵبگرێت و پرۆسێس بکات، پێویستن بۆ ئەو ئەرکانەی کە پێویستیان بە بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان و پلاندانان هەیە.

لەگەڵ زیادبوونی تەمەنمان، کارکردنی بیرەوەری دادەبەزێت، ئەمەش تا رادەیەک ئاساییە بەڵام دەتوانرێت پەیوەست بێت بە حاڵەتەکانی وەک خەمۆکی، توێژینەوەکە تیشکی خستۆتە سەر دوو پرۆسەی گرینگ لە بیرگەی کارکردندا، ئەوانیش پاراستن و سڕینەوە.

پاراستن بریتییە لە دەستگرتنی چالاکانە بە زانیارییە پەیوەندیدارەکانەوە، لەکاتێکدا سڕینەوە پرۆسەی لابردنی زانیارییە بەسەرچووەکان یان ناپەیوەندیدارەکانە.

پرۆسەی سڕینەوە زۆر گرنگە چونکە نەرمی و ژینگەی کاری دەروونی مرۆڤ دەپارێزێت و رێگری لە باری زۆری زانیاری دەکات، کاتێک ئەم پرۆسانە پێکەوە کاردەکەن، ئەوەی گرنگە دەتوانرێت بە شێوەیەکی کارا بپارێزرێت و ئەوەی گرنگ نییە لەناو دەچێت.

بە کورتی، توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی مێشک لەگەڵ تەمەنمان و تیشک دەخاتە سەر گرنگی هێشتنەوەی زانیاری پەیوەندیدار و لابردنی زانیاری ناپێویست بۆ پاراستنی کارایی ژینگەی کاری دەروونیمان.

H.Y