بۆ یەکەم جار مارک زوکەربێرگ بووە دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان

AM:09:50:04/10/2024

2524 جار خوێندراوەتەوە

مارک زوکێربێرگ دامەزرێنەری کۆمپانیای مێتا پلاتفۆرمز، بووە دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و پێش جێف بیزۆس کەوت، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکە.

سامانی زوکەربێرگ ٢٠٦.٢ ملیار دۆلارە بەپێی پێوەرەکانی ماڵپەڕی "بلومبێرگ"، کە بە بڕی ١.١ ملیار دۆلار لە پێش بیزۆس، سەرۆکی کۆمپانیای ئەمازۆنەوەیە، بەڵام هێشتا نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار لەدوای ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلاوەیە.

ئەم سەرکەوتنە دوای ئەوە هات کە پشکەکانی مێتا بە رێژەی لەسەدا ٢٣ بەرزبوونەتەوە لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی فرۆشتنی باشتر لە چاوەڕوانکراو لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا و رۆژی پێنجشەممە بە بەرزترین ئاست داخران کە ٥٨٢.٧٧ دۆلار بوو.

زوکەربێرگ کە خاوەنی ١٣٪ـی پشکەکانی کۆمپانیاکەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سامانەکەی بە بڕی ٧٨ ملیار دۆلار زیادیکردووە، ئەمەش گەورەترین رێژەیە لەنێوان ٥٠٠ دەوڵەمەندترین کەسی جیهاندا.

وەبەرهێنانی زوکەربێرگ لە میتاڤێرسدا کە سەرەتا وەک شکستێکی گەورە دەرکەوت، لە چەند مانگی رابردوودا دەستیکردووە بە بەرهەمهێنان.

مێتا وەبەرهێنانی لە ناوەندەکانی داتا و هێزی کۆمپیوتەردا کردووە، هەوڵدەدات پێگەیەکی سەرکردایەتی لە پێشبڕکێی زیرەکی دەستکرددا دروست بکات.

جگە لەوەش کۆمپانیاکە پڕۆژەی درێژخایەنی بە دەستەوەیە، لەوانە چاویلکەی زیرەکی "ئۆریۆن" کە مانگی رابردوو ناسێندرا.

ئەمساڵ زوکەربێرگ چوار پلە لە پێوەرەکانی ساماندا بەرزبووەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی بەردەوامی گەشەسەندنی کۆمپانیاکەیەتی لە بازاڕی تەکنەلۆژیای گەشەسەندوودا.
H.Y