چی بەسەر جەستەدا دێت ئەگەر واز لە خواردنی خوێ بهێنیت؟

AM:09:11:02/10/2024

6612 جار خوێندراوەتەوە

خوێ پێکدێت لە کلۆریدی سۆدیۆم کە کانزایەکی سەرەکییە بۆ جەستەی مرۆڤ خوێ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی هاوسەنگی شلە و کارکردنی دەمارەکان و گرژبوونی ماسولکەکان گرنگە چاودێری بڕی ئەو خوێیە بکەیت کە دەیخۆیت، چونکە یارمەتیدەری جەستەیە، زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێدا ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزییەکانی تەندروستی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دڵەوە هەیە.

بەپێی ماڵپەڕی "Times Now"کاتێک بڕێکی زۆر خوێ دەخۆیت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کە لە کۆتاییدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و کێشەکانی گورچیلە زیاد دەکات.

خۆراکە لەقتونراوەکان بڕێکی زۆر خوێ لەخۆدەگرن، بۆیە گرنگە دووربکەونەوە لەو خۆراکانە، چونکە کەمکردنەوەی خواردنی خوێ یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی تەندروستی گشتی.

لێرەدا باسی ئەوە دەکەین کە چی بەسەر جەستەتدا دێت کاتێک خواردنی خوێ کەم دەکەیتەوە:

١. دابەزاندنی پەستانی خوێن

کەمکردنەوەی خواردنی خوێ دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن بدات بە شێوەیەکی بەرچاو ئەمەش دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە، سۆدیۆم دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە ئاو ڕابگرێت، ئەمەش قەبارەی خوێن زیاد دەکات و فشاری زیادە لەسەر دیواری خوێنبەرەکان دروست دەکات، کاتێک خواردنی خوێ کەم دەکەیتەوە، جەستە ئەم ئاوە زیادەیە دەردەدات، ئەمەش یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشی گورچیلە کەمدەکاتەوە.

٢. کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ

زۆر خواردنی خوێ هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، کاتێک خوێ کەم دەکەیتەوە یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی دەدات لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتەکانی وەک نەخۆشی خوێنبەرەکان و سستبوونی دڵ، هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی سۆدیۆم یارمەتی باشترکردنی کارکردنی خوێنبەرەکان دەدات، بەمەش خوێنبەرەکان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.

٣. باشتر کارکردنی گورچیلە

گورچیلە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێکخستنی هاوسەنگی سۆدیۆم، کاتێک خوێی زۆر دەخۆیت، گورچیلەکانت زیاتر کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جەستە، کەمکردنەوەی خواردنی خوێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باری کاری گورچیلە، ڕێگری دەکات لە ئاڵۆزییەکانی وەک بەردی گورچیلە و نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە، کە زۆرجار پەیوەندییان بە خواردنی بڕێکی زۆر سۆدیۆمەوە هەیە.

٤. کەمکردنەوەی ئاوسان

سۆدیۆم دەبێتە هۆی ئاوسانی جەستە بەتایبەتی لە دەست و قاچ و سکدا، کەمکردنەوەی خوێ ڕێگە بە جەستە دەدات لە ئاوی زیادە ڕزگاری بێت، بەمەش ئاوسانی جەستە کەم دەبێتەوە.

٥. تەندروستی ئێسک باشتر دەکات

زۆر خواردنی خوێ دەبێتە هۆی زیادبوونی لەدەستدانی کالیسیۆم لە ڕێگەی میزکردنەوە، بەمەش ئێسکەکان بە تێپەڕبوونی کات لاواز دەبن، ئەمەش ڕەنگە جێگەی نیگەرانی ئەو کەسانە بێت کە مەترسی پووکانەوەی ئێسکیان لەسەرە، بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ، دەتوانیت دەردانی کالیسیۆم کەم بکەیتەوە، ئەمەش یارمەتی پاراستنی هێزی ئێسک دەدات و ئەگەری شکانی ئێسک کەمدەکاتەوە.

٦. هەستیاری تام باشتر دەکات

کاتێک بە تێپەڕبوونی کات خوێ کەمتر دەخۆیت، ئەوە زیاتر هەستیارت دەکات بەرامبەر بە تامە سروشتییەکانی ناو خۆراکەکان، لەگەڵ کەمکردنەوەی سۆدیۆم، دەست دەکەیت بە چێژ وەرگرتن لە تامی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەی خوێیان کەمترە، ئەمەش دەبێتە هۆی خووی خواردنی تەندروستتر.