زانایان هەسارەیەکی هاوشێوەی زەوی دەدۆزنەوە

PM:06:56:01/10/2024

5604 جار خوێندراوەتەوە

فەلەکناسەکان هەسارەیەکی دووریان دۆزیوەتەوە کە هاوشێوەی زەوییە و پێیان وایە دۆزینەوەکە دەتوانێت وردەکارییەکی ترسناک بۆ داهاتووی هەسارەی زەوی بخاتە روو.

ئەوان ئەگەری ئەوەیان دۆزیەوە کە ئەم هەسارەیە پێشتر شوێنی نیشتەجێبوون بووبێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە هاوشێوەی زەوی بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەسوڕێتەوە، بەپێی ئەوەی لەلایەن رۆژنامەی "دەیلی مەیلی" بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، بە پشتبەستن بە گۆڤاری "نەیچەر ئەسترۆنۆمی".

بەڵام بە پێی راپۆرتەکە ئەستێرەی ئەم هەسارەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دووچاری لەناوچوون هاتووە، ئەمەش وایکردووە هەسارەکە لە بۆشایی ئاسماندا بێ سەرچاوەی وزە و رووناکی بمێنێتەوە.

هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە خۆریش لەوانەیە بە هەمان شێوە نزیکەی ملیارێک ساڵ بەرگە بگرێت و وزەکەی بەردەوام بێت، کاتێک ئەو کاتە دێت، رەنگە زەوی رووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوەی ئەم هەسارە تازە دۆزراوەیە ببێتەوە.

هەسارە نوێیەکە و ئەستێرەکەی لە نزیک ناوچەی گەورەی گالاکسی رێڕەوی شیری هەڵکەوتوون کە نزیکەی ٤ هەزار ساڵی رووناکی لە زەویەوە دوورن، کە یەکسانە بە نزیکەی ٥١ کواتریلیۆن کیلۆمەتر.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٠ بینرا، بەڵام تیمێکی گەردوونناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا لەم دواییانەدا چاوێکی دیکەیان لەم هەسارەیە کردەوە بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی ١٠ مەتری کیک لە هاوای.

لە لێکۆڵینەوەکەیان دەرکەوت کە ئەم هەسارەیە قەبارەکەی هاوشێوەی زەوییە و بەدەوری ئەستێرەیەکی کوێرەی سپیدا ، یان روونتر بڵێین ناوکی چڕی ئەستێرەیەک کە لەناوچووە دەسوڕێتەوە.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش لەناوچوونی ئەو ئەستێرەیە، رەنگە ئەم هەسارەیە زۆر هاوشێوەی زەوی بووبێت کە بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە و دوور نییە ئەم هەسارەیە بە ملیارەها ساڵ لەمەوبەر شوێنی ژیان بووبێت.

خۆر لە کۆتاییدا هەر لەناو دەچێت، بەڵام ئێمە لە ژیاندا نابین بۆ بینینی، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەستێرەکەمان بەرگەی ملیارێک ساڵی تر دەگرێت.

بەڵام خۆر بەر لە مردنی زەریاکانی زەوی بەهەڵم دەکات و تیژڕەوی خولگەی زەوی دوو هێندە زیاد دەکات، ئەمەش کاتێک روودەدات کە فراوانبوونی زیاتری خۆر هەسارەکەمان لەناو دەبات.

H.Y