دەتەوێت لە ئوتێلەکەی رۆناڵدۆ کاربکەیت؟

AM:10:20:30/09/2024

21344 جار خوێندراوەتەوە

دەتەوێت لە یەکێک لە ئوتێلەکانی رۆناڵدۆ کار بکەیت، مەرجەکان جێبەجێ بکە و هەلێکی کار بەدەستبهێنە

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی مێژوویی تۆپی پێی پورتوگالی جگە لە پیشە سەرەکیەکەی کە یاری تۆپی پێیە خاوەنی چەندین کاری بازرگانی ترە لە نێویاندا چەند ئوتێلێکی هەیە.

لە ئێستادا یەکێک لە ئوتێلەکانی رۆناڵدۆ کە ناوی پێستانا سی ئاڕ سێڤنە و لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیایە هەلی کاری رەخساندووە تا ببیتە کارمەندی ئوتێلەکەیان.

ئەم ئوتێلە دەرفەتی کارکردنیان بۆ ئەو کەسانە رەخساندووە کە دەیانەوێت کاریان لەگەڵدا بکات بە نمونەی گارسۆن، سەرپەرشتیار، پێشوازیکەر.

بەڵام چەند مەرجێکیان هەیە کە بریتین لە زانینی زمانی ئینگلیزی بە شێوەیەک لە ئاستی باڵا یان پێشکەوتوودا بیت، جگە لەوەش بڕوانامەی راهێنانی پیشەیی لە ئاستی مامناوەند یان باڵادا بێت.

ئەو کەسەی خواستی کارکردنی لەو ئوتێلە هەیە و ئەو مەرجانەی تیادایە ئەوا رێژەی مووچەکانیشیان بۆ دیاریکردووە بە شێوەیەک کە مووچەی مانگانەی سەرپەرشتیار 2300 یۆرۆیە، پێشوازیکەر 1917 یۆرۆیە، 1084 یۆرۆش بۆ گارسۆنی نانی بەیانیان.

ئەو کەسەی لەو ئوتێلەدا دەرفەتی کارکردن وەردەگرێت لە چەندین بواری تریشدا سوودمەند دەبێت کە ئەوانیش بریتین لە گرێبەستی دامەزراندنی هەمیشەیی و خواردنی ژەمەکان و بیمەی تەندروستی.

ئەنجامدانی ئاهەنگ گێڕانی رۆژی لەدایکبوونی کارمەندەکە، داشکاندنی رێژەی لە سەدا 25ی نرخی خواردنەوەکان و خواردن لە چێشتخانەی ئوتێلەکە، پێدانی 30 رۆژ مۆڵەت لە ساڵێکدا بەو کەسەی کە دەرفەتی کارکردنی لە ئوتێلەکەیان پێدەدرێت.