دەنگبێژی لە کلتووری کوردیدا

PM:03:30:26/09/2024

308 جار خوێندراوەتەوە

دەنگبێژی هاوشێوەی بەیت، لاوک و حەیران شێوازێکی لاواندنەوەیە و بەشێکە لە کلتووری باکوور و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی و کوردستانی گەورە بە گشتی، لە چیرۆکی ئەڤینداری و رووداوی مێژوویی و چەندین بواری تر دەدوێت.

لە رێی دەربڕینی بێ موزیکەوە دەنگبێژانی کۆن دەگبێژییەکانیان وتووە و تۆمارییان کردووە، کە تێکست و ئاوازی زۆربەی دەنگبێژییەکان کۆنترن لە مێژووی دەستڕاگەیشتنی ئەو ناوچانە بە ئامێرە تۆمارکەرەکان، بەو پێیەی زۆربەیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر و بەشێوەیەکی میراتی لە باو و باپیرانییانەوە دەنگبێژان وتوویانەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە نوسین یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی گێڕانەوەی مێژوو، بەشێکی زۆر لە رووداوە مێژووییە ناوچەییەکان لە رێی دەنگبێژییەوە باسکراون و گێڕدراونەتەوە، لێرەدا جیاواز لە شێوازەکانی تری لاواندنەوە لە کلتووری کوردیدا، دەنگبێژی رۆڵی خۆی وەک ئامرازێک بۆ گێڕانەوە و تۆمارکردنی مێژوو بینیوە.

دەنگبێژ لە بنەڕەتدا بەو کەسە وتراوە کە هەواڵ و رووداوەکانی بەشێوازی لاواندنەوە و مێلۆدی لەسەر پەیژەیکی موزیکی لەناو خەڵکدا راگەیاندووە، وەک ئەوەی کە وشەکە لە دوو بەش پێکهاتووە کە تێیدا "دەنگ" بە واتای هەواڵ یان نووچە دێت نەک بە مانای دەنگ و سەدا.

دەنگبێژەکان کەسانێکی گەڕۆک بوون، زۆر لە مێژ نییە و لە میانەی سەدەکانی رابردوودا گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕان. لە کوچە و کۆڵان، بەر دەرگا، حەسار و کۆشکی ئاغا و میران دەنگبێژیان دەچڕی و خەڵکانێکی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆ دەکردەوە و لاواندنەوەیان لەسەر چیرۆکی خۆشەویستی و رووداو و تراژیدیا ناوخۆییەکان بۆ دەوتن.

"مەمێ ئالان" یەکێکە لە چیرۆکە کوردییە کۆنەکان، بە چەندین شێواز گێردراوەتەوە، مەمی ئالان چیرۆکێکی سەربەخۆیە و جیاوازە لە "مەم و زین"، بە تەواوی جیاوازییەکەیان درکی پێ دەکرێت، بناغەی چیرۆکی مەم و زین لە مەمی ئالانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەحمەدی خانی لە ژێر کاریگەری چیرۆکی مەمی ئالاندا مەم و زینەکەی خۆی نوسیوە، پێویستە بیرمان نەچێت مەم و زینەکەی خانی یەکێکە لە شێوازەکانی گێڕانەوەی چیرۆکی مەم و زین، چونکە چیرۆکەکە مێژوویەکی دێرینی هەیە وەک زۆربەی چیرۆکە کوردییەکانی تر.

گوێبیستی دەنگبێژی "مەمێ ئالان" بن بە دەنگی دەنگبێژ "رەسۆ":

"ئیبۆ بەگی پارسینی" باس لە داستانێکی نەبەردی دەکات کە تێیدا ئیبۆ بەگی پارسین، بە مەبەستی پاراستنی ژن و کچەکەی رووبەڕووی سپای رووس دەبێتەوە، ئیبۆ بەگ دوایی شەڕێکی زۆر لەگەڵ سپاکە ژن و کچەکەی ناچاری دەکەن کە بیانکوژێت بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمن، دواتر ئیبۆ بەگ خۆشی دەکوژێت.
H.Y