بەهۆی براد پیتەوە دوو ژن ٣٦٠ هەزار دۆلاریان لەدەستدا

PM:04:26:24/09/2024

1000 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ دووشەممە، پۆلیسی ئیسپانیا پێنج کەسی لە ئیسپانیا دەستگیرکرد بەهۆی ئەوەی ٣٦٠ هەزار دۆلاریان لە دوو ژن وەرگرتووە لە رێگەی ناساندن و نمایشکردنی خۆیان وەک ئەکتەری ئەمریکی براد پیت لە واتسئەپدا.

بە پێی "سکای نیوز"، پۆلیسی شارستانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تۆمەتبارەکان لە رێگەی ماڵپەڕێکەوە پەیوەندییان بەو دوو کەسە قوربانییەوە کردووە کە ماڵپەڕەکە تایبەت بووە بە هەوادارانی ئەو ئەکتەرە و بە تێپەڕبوونی کاتیش توانیویانە وایان لێبکەن باوەڕیان بەوە هەبێت کە "پەیوەندیی سۆزدارییان لەگەڵ ئەو ئەکتەرە"دا هەیە.

پاشان ئەندامانی باندەکە خۆیان وەک ئەستێرەی "ئەمریکی براد بیت" ناساندووە، پێشنیاریان کردووە کە ئەو دوو ژنە وەبەرهێنان لە چەند پڕۆژەیەکی جیاوازدا بکەن کە هیچ کام لەو پڕۆژانە بوونیان نەبووە.

ژنێکی خەڵکی ئەندەلوس بە بڕی ١٩٤ هەزار دۆلار فێڵی لێکرا، ژنێکی دیکەی دانیشتووی وڵاتی باسک ١٦٧ هەزار دۆلاری لەدەستدا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "تاوانباران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکۆڵینەوەیان لە پەیجەکانی ئەم دوو ژنە کردووە و بەم شێوەیە بۆیان دەرکەوتووە ئەو دوو ژنە لە رووی سۆزدارییەوە لاوازن و لەو رووەوە تووشی خەمۆکی بوون".

هەروەها "واتسئەپیان بەکارهێناوە بۆ ئاڵوگۆڕی نامە و ئیمەیڵ لەگەڵیان تا ئەو کاتەی باوەڕیان بەوە هێناوە کە لە رێگەی واتسئەپەوە لەگەڵ خودی براد پیتدا قسە دەکەن و بەڵێنی "پەیوەندییەکی سۆزداری و داهاتوویەکی هاوبەشـ"ـی پێداون، بەپێی هەمان سەرچاوە.

پۆلیس پێنج کەسی گومانلێکراوی باندەکەی لە ئەندەلوس دەستگیرکرد و توانی ٩٥ هەزار دۆلار لە کۆی گشتی بڕی پارەکە وەربگرێتەوە.

لە کاتی گەڕانەکاندا، لێکۆڵەران دەستیان بەسەر مۆبایل و کارتی بانکی و دوو کۆمپیوتەری تایبەتیدا گرتووە، ئەمە جگە لە "بەڵگەنامەی ئەو دەستەواژانەی کە ساختەکاران بۆ فریودانی قوربانییەکانیان بەکاریان هێناوە."