ئەپی نامەکانی ئایفۆن لە iOS 18 کێشەی هەیە

PM:06:36:21/09/2024

3380 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە لە بەرنامەی Messages لە ئایفۆنەکاندا هەیە دوای ئەوەی نوێکرایەوە بۆ     iOS 18کە ئەپڵ دووشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە.

دوای ئەوەی سیستەمەکە دەستی پێکرد، لە کاتی بەکارهێناندا هەڵەیەکی بێزارکەر دەرکەوت کە کاریگەری لەسەر بەرنامەی Messages هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئەم هەڵەیە تەنها لە بارودۆخێکی زۆر تایبەتدا روودەدات.

ئەو کەموکوڕییە کاتێک دەست پێدەکات کە کەسێک گرافیکێکی ئەپڵ واتچ لە iMessage دەنێرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەپەکە یەکسەر لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەو پەیامەدا چەندین جار تێکبچێت.

رەنگە تێکچوونی بەردەوامی بەرنامەکە ببێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەران نەتوانن گفتوگۆکانی دواتریش بەبێ کێشە بەڕێ بکەن.

کێشەکە تەنها بۆ وەرگرەکە دروست نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو کەسەش هەیە کە وێنەی کاتژمێرەکەی ناردووە، بەو پێیەی کێشەکە بۆ هەردوولا هاوشێوەیە، ئەمەش بڵاوبوونەوەی کێشەکە دوو هێندە دەکات.

دەتوانیت هەوڵبدەیت تەواوی ئەو گفتوگۆیە بسڕیتەوە کە هۆکاری کێشەکە بووە، بەڵام پێدەچێت ئەمە چارەسەرێکی گونجاو نەبێت بەو پێیەی ئەگەر سڕینەوەکە سەرکەوتوو بێت، تەواوی مێژووی گفتوگۆکە لەدەست دەچێت، هەروەها ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە دەرەوەی ئەپی Messages سەیڤ نەکراون.

کاتێک گفتوگۆکە دەسڕیتەوە و دواتر لە فۆڵدەری سڕاوەوە وێنەکە دەگەڕێنیتەوە، دووبارە کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە، واتە ئەمە چارەسەرێکی کاریگەر نییە.

پێشبینی دەکرێت ئەپڵ لە یەکەم نوێکردنەوەی لاوەکیدا بۆ iOS 18 چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، بەو پێیەی ئەپڵ بە خستنەڕووی نوێکردنەوەی لاوەکی چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە لە سیستەمەکانیدا بەدی دەکرێت، بەڵام پابەند نین بە بەرواری دیاریکراو یان پلانی جێگیرەوە.

H.Y