توێژینەوەیەک: هاوڕی کۆنەکانت کاریگەرییان لەسەر تەندروستیت هەیە

PM:01:06:21/09/2024

588 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە هاوڕی کۆنەکانت ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بە تەندروستی ئێستاتەوە.

ماڵپەڕی " ScienceAlert" توێژینەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەترسی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی لەوانەش وەک ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و تێکچوونی دەروونی، ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بە پێکهاتەی بۆماوەیی ژینگەی کۆمەڵایەتیمان لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا.

توێژەران پشکنینیان بۆ زیاتر لە ٦٥٠ هەزار تۆماری تەندروستی کردووە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر تەندروستی ئەو تاکانەی تەمەنیان لە نێوان ١٧ بۆ ٣٠ ساڵدایە، هەروەها نەخشەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کێشەکانی تەندروستی دەروونییان خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا نمرەی مەترسی بۆماوەیی خێزان و هاوڕێکانیان دیاری کرد لە ئەگەری ئەوەی کە ئالوودەبوون یان تێکچوونی باری دەروونییان هەیە.

تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە، ئەگەر لەگەڵ ئەو کەسانەدا کۆببیتەوە کە مەترسی بۆماوەیی زیاتریان هەیە بۆ چەندین کێشەی تەندروستیی دیاریکراو ئەوا ئەگەری تووشبوونیان زیاترە، تەنانەت ئەگەر هەمان مەترسی تایبەت لە جینەکانی خۆتدا نەبێت.

جێسیکا سالڤاتۆر، پزیشکی دەروونی رایگەیاند " لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکاریدا لەگەڵ کێدا کۆدەبیتەوە کاریگەری لەسەر تەندروستیت دروست دەکات، بە تایبەت بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان"

ئاماژەی بەوەشکرد "گرنگە بزانیت هاوڕێتی کێ دەکەیت چونکە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سەیر کاریگەری لەسەر یەکتری دروست دەکەن بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە بۆچی ئەمە ڕوودەدات پێویستی بە لێکۆڵینەوەی دەروونی زیاترە"

توێژینەوەکە سەیری کێشەکانی کردووە لەوانە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بەکارهێنانی کهول، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، بۆ نموونە ئەگەر لە تەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندیت لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆتدا خراپ بوو بێت، بەردەوام لە فشار و دڵەراوکێدا بووبێتی لەگەڵ هاوڕێکانتدا یان ئالوودە بووبێتی بە ماددە هۆشبەرەکان، هیچ جۆرە چالاکییەکی ئەرێنیتان ئەنجام نەدابێت ئەوا بەتێپەڕبوونی کات هەموو ئەمانە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیت دەبێت.

ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوە پیشان دەدات کە ئەگەری ئەوە زیاترە کە تۆ بەشداری ئەو کارە بکەیت کە هاوڕێکانت دەیکەن و بە شێوازی هاوشێوە بیربکەیتەوە، ئێستا توێژەران ئارەزووی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن بۆ باشترکردنی دەستنیشانکردن و شێوازەکانی چارەسەرکردنی.