گرنگترین سووده‌ ته‌ندروستیه‌کانی جاتره

AM:09:29:11/09/2024

8708 جار خوێندراوەتەوە

جاترە یه‌کێکه‌ له‌ ناسراوترین گژوگیاکان لە جیهاندا، تام و چێژێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌ هه‌مان کات چەندین سوودی تەندروستی هەیە.

لە بڵاوکراوەیەکی دکتۆر کامه‌ران رسوڵ ژاژڵه‌یی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژە بە دیارترین سوودەکانی خواردنی جاتره دەکات.

جاترە بڕێکی زۆر که‌م وزه‌ی تێدایه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ماده‌ی دژه‌ئۆکسانه‌کان و ڤیتامینه‌کانی وه‌ک ،C ،A ،E، B6 لەگەڵ کانزه‌کانی وه‌ک ئاسن ، مه‌گنسێوم ، مه‌نگه‌نیز ، کالسێوم، له‌گه‌ڵ بڕێکی زۆرله‌ ڕیشاڵ و ئاو و ڕێژه‌یه‌کی که‌م کاربۆهیدرات و پڕۆتین و ئاسن.

گرنگترین سووده‌کانی جاترە بریتین لە:

١. دابه‌زاندنی فشاری خوێن لەڕێگای فراوان کردنی بۆریەکانی خوێن.

٢. بەهێزکردنی تەندروستی دڵ، بەهۆی رێکخستنی لێدانی دڵ و دابەزاندی فشاری خوێن، بۆیە یارمەتی خۆپاراستن ئەدات له‌ جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشک و نه‌خۆشی ته‌سک بوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌کان.

٣. یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کولیستڕۆڵی خراپ دەدات.

٤. سوودی هەیه له چارەسەر کردنی کۆکە و کەمکردنەوەی بەڵغەم و پاکردنەوەی کۆئەندامی هەناسە لە کاتی پەتا و هەوکردن.

٥. بەهێزکردن و چالاک کردنی بەرگری جەستە، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزا و ماددە دژە ئۆکسانەکان و ماددە ڕیشاڵیەکان.

٦. خۆپاراستن له‌ چه‌ندین جۆری شێرپه‌نجه‌ بە تایبەت شێرپەنجەی کۆڵۆن.

٧. نه‌هێشتنی دڵەکزێ و ئاوسانی سک و کەمکردنەوەی غازات و چالاک کردنی کۆئەندامی هەرس.

٨. به‌هێزکردنی یاده‌وه‌ری و زیاد کردنی ئاستی هۆرمۆنی دڵخۆشی.

٩. بەسوودە بۆ پاراستنی ته‌ندروستی پێست و گه‌ش بوونه‌وه‌ی و نه‌هێشتنی چرچ و لۆچ و خاڵ و زیپکه‌.

١٠. یارمەتی دابەزاندنی ئاستی شەکرەی خوێن دەدات.

١١. پاراستنی تەندروستی ددان و ناودەم.

١٢. کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ئێسک و هەندێک جۆری سەرئێشە.

- شێوازی ئامادەکردنەکەی:

یەک کەوچکی چێشت لە جاترەی کوتراو بخەرە ناو کووپێ ئاوی گەرم و بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک جێ بهێڵە و دوایی بیخۆرەوە ، نابێت جاترە بکوڵێنرێت بۆ ماوەیەکی زۆر تا زەیتەکانی ناوی نەفەوتێت.