شەپۆلێکی گەرما دەستپێدەکات

AM:11:28:08/09/2024

208 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆتاییەکانی وەرزی هاوینداین و بەرەو وەرزی پاییز دەچین، بە گشتی لە مانگی ئەیلوولدا کەشوهەوا لە گۆڕانکاریدایە و لە دەمەوئێوارەوە تاوەکو بەیانیان فێنکە و نیوەڕوان گەرمە. جار جارێکیش بۆ چەند رۆژێک پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و دواتر دادەبەزنەوە.

پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ سەرەتای ئەم هەفتەیە و ئەمڕۆ و سبەی بە جۆرێکە، کە شەپۆلێکی گەرما دەستیپێکردووە و چەند رۆژێک دەخایەنێت.

کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە لە دوێنێ و ئاسمان ساماڵ دەبێت. لەکاتێکدا، دوێنێ شەممە، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتربوون بەراورد بە رۆژی پێش خۆیان. بەپێی پێشبینییەکان، بۆ ئەمڕۆ لە سێ ناوچەی هەرێم پلەکانی گەرما لە سەروو ٤٠ پلەی سیلیزییەوەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی دووشەممە، بەهەمنا شێوەی ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرماش زیاتر بەرز دەبنەوە. بە جۆرێک لە شەش ناوچەی هەرێم پلەکانی گەرما دەگەنە سەروو ٤٠ پلەی سیلیزی.

لەبارەی خێرایی باوە کەشناسی دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی کزە بایەکی دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەم جۆرە دەبن:

هەولێر: ٤١ پلەى سیلیزى

سلێمانی: ٣٩ پلەى سیلیزى

دهۆک: ٤١ پلەى سیلیزى

کەرکوک: ٤٢ پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: ٤٢ پلەى سیلیزى

گەرمیان: ٤٤ پلەى سیلیزى

زاخۆ: ٤١ پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: ٢٥ پلەى سیلیزى

سۆران: ٤٠ پلەى سیلیزى