کەشناسێکی عێراقی رایگەیاندووە، لەمڕۆوە هەنگاو
بە هەنگاو پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و ئەو نزمبوونەوەیەش بە تەواوی لەم
سێ رۆژەی سەرەتای مانگی ئەیلوولدا دەردەکەوێت.
سادق عەتیە کەشناسی عێراقی رایگەیاندووە، لە
سێ رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بە روونی هەستی پێدەکرێت.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لە ناوەڕاست و کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە هەندێک ناوچەی عێراقدا
بەرزبوونەوەیەکی کەم لە پلەکانی گەرمادا رودەدەن، بەڵام نزیک نابنەوە لە ٥٠ پلەی
سیلیزی و بەەرزبوونەوەکەش بەشێوەیەکی کاتی دەبێت.
سادق عەتیە دەشڵێت، بەرزبوونەوەی پلەکانی
گەرما لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی کاتییە و زیاتر ناوچەکانی ناوەڕاست و
خوارووی عێراق دەگرێتەوە و لە هەرێمی کوردستاندا کاریگەرییەکەی کەمترە.
ئەو کەشناسە پێشبینیش دەکات، گەرماکە کەمێک
شێدار بێت لە باشووری عێراقدا و لە رۆژی چوارشەممەشەوە خێرایی با لەو ناوچانەدا
زیاد دەکات.
لەمڕۆوە وردە وردە وەرزی هاوین بەکۆتا دێت و
وەرزی پاییز دەست پێدەکات، بە گۆڕانی وەرز و چوونە ناو پاییزەوە پلەکانی گەرما روو
لە نزمبوونەوە دەکەن، بەتایبەت کەشی شەوان و دەمەوبەیانیان فێنکتر دەبێت.