توێژینەوەیەک خواردنی گۆشتی سوور بە نەخۆشی شەکرەوە دەبەستێتەوە

AM:11:56:31/08/2024

3484 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس ئارەزووی خواردنی گۆشتی سوور دەکەن بەڵام پسپۆران هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی زۆر خواردنی.

لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییەدا کە لە گۆڤاری "The Lancet" بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی دوو ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کردووە، چۆن خواردنی گۆشت دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس تووشی نەخۆشی شەکرە ببن؟ لەم بارەیەوە توێژەرەوان چەند هۆشدارییەک دەخەنەروو ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە ئاگاداری ئەو خۆراکانە بین کە دەیخۆن چونکە دەبنە هۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی، بەتایبەت نەخۆشی شەکرە.

دوای بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ٢٠ وڵاتی جیهاندا، توێژەران پەیوەندی نێوان خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی لەقتونراو و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمیان دۆزیەوە.

توێژەران داتای تایبەت بە دوو ملیۆن کەسیان شیکردەوە، تیشکیان خستە سەر ئەو هۆکارانەی کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان خواردنی گۆشت و تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، وەک جۆری خۆراک، چالاکیی جەستەیی، جگەرەکێشان، خواردنەوەی کهول و خواردنەوە وزەبەخشەکان، هەروەها پێوەرەکانی بارستەی جەستە.

نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو باوترین جۆری شەکرەیە، هەروەها حاڵەتێکی درێژخایەنە کە ڕوودەدات کاتێک ڕێژەی شەکر لە خوێندا بە بەردەوامی زۆر بەرز بێت، ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، نەخۆشی شەکرە جۆری دووەم دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی تری وەک نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشی گورچیلە.

دکتۆر نیتا فروحی، مامۆستای تەندروستی لە زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا، کە بەشداری توێژینەوەکەی کردووە، بە "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاندووە " گۆشتی سوور بەتایبەت گۆشە لەقتونراوەکان ڕێژەیەکی بەرزی خوێی تێدایە، ئەمەش وایکردووە کە ناتەندروست بێت و ئەگەری تووشبوون بە شەکرە زیاد بکات"

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر ئامۆژگاری خۆراکی بڵاوبووەتەوە کە پێشنیاری کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی سور و گۆشتی لەقتوونراو دەکەن یان گۆڕینی بە خۆراکی دیکەی دەوڵەمەند بە پرۆتین، وەک نۆک و فاسۆلیا و نسک.

هەروەها پسپۆڕانی خۆراک پێشنیاری ڕێجیمێکی دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە و گوێز و گەنمەشامی دەکەن وەک جێگرەوەیەک بۆ گۆشتی سوور.

سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشکردووە "هەرچەندە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون نییە لەسەر ئەوەی کە ئایا خواردنی گۆشتی مریشک مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە یان نا، بەڵام دوایین توێژینەوە دەریخستووە کە خواردنی گۆشتی مریشک لەبری گۆشتی سوور و گۆشتی لەقتونراو یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم"