بەفیڕۆدانی خۆراک لەم وڵاتە سزای لەسەرە

PM:05:26:29/08/2024

2072 جار خوێندراوەتەوە

پێویستە زیاتر لە جارێک بیربکەیتەوە پێش بەفیڕۆدانی خۆراک لە مەغریب، چونکە پەرلەمان دەستیکردووە بە تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسایەک کە سزای هەرکەسێک دەدات کە خۆراک بەفیڕۆ بدات، ئەمەش بەهۆی رێژەیەکی گەورەی بە فیڕۆدانی خۆراک لە وڵاتەکە.

ئەم دەستپێشخەرییە یاساییە پێشنیاری ئەوە دەکات کە سزایەک کە هاوتای دوو هێندەی نرخی خواردنە بەفیڕۆچووەکەیە بەسەر ئەو کەسەدا جێبەجێ بکرێت کە بە ئەنقەست بەفیڕۆی داوە، یان رێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ پاراستنی بۆ نموونە لە چێشتخانەکان.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، کە لەلایەن پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی سەربەخۆکانەوە پێشکەشکراوە کە سەرکردایەتی حکومەت دەکات، ئەوەیە کە هەموو بازرگانەکانی بواری خۆراک بەرپرسیار بن لە بەرەنگاربوونەوەی بەفیڕۆدانی خۆراکی بەکارهێنراو، بە دۆزینەوەی رێچارە بۆ خۆراکی نەفرۆشراو و فڕێنەدانی.

جێگای سەرنجە کە لە رەشنووسی یاساکەدا هەندێک رێکاری جێگرەوە بۆ بەفیڕۆدانی خۆراکیش پێشنیار کراوە، وەک بەخشینی ئەو خۆراکە نەفرۆشراوانەی کە ئامادە و گونجاون بۆ خواردن، گۆڕینی بۆ خواردنی ئاژەڵان، یان بەکارهێنانیان بۆ دەرهێنانی وزە لێیانەوە.

هەروەها دەتوانرێت خۆراک بەخۆڕایی یان بە نرخێکی کەم بدرێت بە خانەی داڵدەدانی منداڵانی بێ سەرپەرشت، بەساڵاچووان، یان هەر کەسێک کە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێت.

H.Y