ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆنی"JAXA" رایگەیاند، کۆتایی بە ئەرکی نیشتنەوە لەسەر مانگ هاتووە
و پرۆسەکە سەرکەوتوو بووە.
فڕۆکەی نیشتنەوەی زیرەکی"Slim" لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا لەسەر رووی مانگ نیشتەوە،
بەمەش ژاپۆن بووە پێنجەم وڵات لە دوای ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و چین و هیندستان کە
سەرکەوتوو بێت لە نیشتنەوەی لەسەر مانگ.
لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی X ئەوە پشتڕاست کرایەوە کە ئاژانسەکە لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە هیچ وەڵامێکی لەو کەشتییە وەرنەگرتووە کە لە مانگی
ئەیلولی ٢٠٢٣ نێردراوە بۆ بۆشایی.
JAXA روونیکردەوە
کە بە دووری دەزانێت پەیوەندی بە پشکنەرەکەوە بکاتەوە و لە ٢٣ی ئابدا، هەروەها نزیکەی
کاتژمێر ٢٢:٤٠، فەرمانی ناردووە بۆ وەستاندنی چالاکییەکانی.
JAXA ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەرکەکە باشتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا جێبەجێ کراوە،
چونکە کەس پێشبینی نەدەکرد ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ئەم ماوەیە درێژببێتەوە.
سلیم بەشێوەیەک داهێنراوە کە بەرگەی دوو هەفتەی سەر
مانگ بگرێت، ئامانجیشی شیکردنەوەی ئەو بەردانە بووە کە پێیان وایە سەر بە پێکهاتەی
ناوەوەی مانگن، هەروەها هەوڵدەدات لێکۆڵینەوەکان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان لەسەر
مانگ برەو پێ بدات.
پێشتر دوو هەوڵی پێشووی ژاپۆن بۆ نیشتنەوە لەسەر مانگ
شکستی هێنابوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ئامێری پشکنەری ئۆمۆتێناشی تووشی تێکچوونی گەورەی
پاتری بوو، دوای ماوەیەکی کەم لە ناردنی وەک بەشێک لە ئەرکی ئارتمیس١ی ئەمریکی.
ساڵی رابردوو کەشتییەکی ئاسمانی کە سەر بە کۆمپانیای تایبەتی
ژاپۆنی ئایسپەیس بوو لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوەی لەسەر مانگ کەوتە خوارەوە.
H.Y