خێرا لێدانی دڵ تا چەند مەترسیدارە؟

AM:08:49:21/08/2024

25232 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئاساییە لەکاتی ترس یان سترێسدا لێدانی دڵ خێراتر ببێت، بەڵام هەندێکجار دڵی زۆر کەس بەبێ هۆکارێکی دیار دەست بە لێدانی خێرا دەکات کە رەنگە ئەمەش حاڵەتێکی دڵەڕاوکێ بێت کە تووشی هەندێک کەس دەبێت.

بەپێی ڕۆژنامەی "The Washington Post" ئەمریکی، خێرا لێدانی دڵ رەنگە ئاماژە بێت بۆ هەبوونی فشارێکی زۆر یان بەهۆی ئەنجامدانی وەرزشێکی زۆرەوە یان خواردنی هەندێک دەرمانەوە بێت، بە گشتی خێرا لێدانی دڵ بەهۆی ئەو هۆکارانەوە هیچ زیانێکی نییە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا خێرا لێدانی دڵ مەترسیدارە، لەوانەیە نیشانەی حاڵەتێکی قورستری دڵ بێت کە پێویستی بە چارەسەرکردن و چاودێری پزیشک هەیە.

بە بۆچوونی پزیشکان، لێدانی دڵت دەبێت لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدان بێت لە خولەکێکدا، سەبارەت بە زۆرێک لەو کەسانەی کە کێشەی تەندروستییان هەیە لێدانی دڵیان لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ لێداندایە لە خولەکێکدا.

ئەگەر پێشینەی نەخۆشی دڵت هەبووە و زوو زوو لێدانی دڵت خێراتر دەبێت ئەوا پێشنیار دەکرێت لەگەڵ پزیشک قسە بکەیت، چونکە ڕەنگە پێویستت بە پشکنینی چاودێری دڵ بێت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا لێدانی دڵت تەندروستە یان نا.

هەروەها پزیشکان هۆشداری ئەوە دەدەن ئەگەر هەستت بە ناڕەحەتییەکی زۆر کرد و لێدانی دڵت زۆر خێراتر بوو یان هەست بە ئازارێکی زۆری سنگ کرد ئەوا راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکە بۆ زوو دەستنیشان کردنی کێشەکەت.