توێژینەوەیەک: پشیلەکان هەست بە خەم و پەژارە دەکەن کاتێک ئاژەڵە هاوماڵەکانیان دەمرن

AM:10:46:15/08/2024

1384 جار خوێندراوەتەوە

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە پێدەچێت پشیلەکان تووشی خەم و پەژارە ببن کاتێک ئەو ئاژەڵە دیکەی لەگەڵیاندا دەژین دەمرن.

بەپێی بابەتێکی کەناڵی " NPR" بڵاویکردووەتەوە، توێژەرانی زانکۆی ئۆکلاند لە ویلایەتی میشیگان بۆیان دەرکەوتووە دوای ئەوەی پشیلە یان سەگێکی دیکە لە ماڵەکەیاندا کۆچی دوایی دەکات، پشیلەکان کەمتر لە ئاسایی خواردنیان خواردووە و یارییان کردووە، بەهۆی ئەوەی ئەو ڕەفتارانە پەیوەستن بە خەم و پەژارە لە مرۆڤدا، ئەم دۆزینەوانە دەتوانن ئەوە پیشان بدەن کە پشیلەکان شتێکی هاوشێوەی ماتەمینی ئەزموون دەکەن دوای مردنی ئاژەڵەکانی دەوروبەریان.

ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری "Applied Animal Behavior Science" بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن پسپۆڕانی دەروونناسییەوە ئەنجامدراون، باس لە باری سۆزداری پشیلە ماڵییەکان دەکات هاوشێوەی هەستەکانی مرۆڤ.

توێژەرەکان قسەیان لەگەڵ ٤١٢ چاودێری پشیلە کردووە و پرسیاری ئەوەیان کردووە کە ئاژەڵە ماڵیەکەیان چۆن هەڵسوکەوت دەکەن دوای ئەوەی پشیلەیەکی دیکە یان هەر ئاژەڵێکی تر لە ماڵەکەیاندا مردووە، بە تێکڕا چاودێران وتوویانە کە بەبێ گوێدانە جۆری هاو ئاژەڵە ماڵییەکانیان، پشیلەکان هەم سەرنجی زیاتریان دەوێت و هەم کاتیان بە تەنیا دەوێت، کەمتر دەخۆن، زیاتر دەخەون، تەنانەت یاریش ناکەن.

ڤۆنک نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە و هاوکارەکەی بریتانی گرین ئاماژەیان بەوە کردووە " ئەو رەفتارانەی پشیلەکان بۆ لەدەستدانی ئاژەڵەکانی دیکە دەیکەن هاوشێوەی ئەو شێوازەی ئێمەی مرۆڤەکانە کاتێک خەمبار دەبین، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو بابەتانە بوو کە باس دەکرا پشیلە هەستی قووڵی نییە"