توێژینەوەیەک: ناو کاریگەریی لەسەر شێوەی دەموچاو هەیە

PM:03:24:01/08/2024

11012 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە پەیوەندییەکی سەرسوڕهێنەری لە نێوان ناو و شێوەی دەموچاو ئاشکرا کرد، کە ڕەنگە ڕووخساری کەسێک گەشەی کردبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ناوەکەیدا بگونجێت.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری " pnas" بڵاو کراوەتەوە کە تیشک دەخاتە سەر ئەو توانایەی کە ناوەکان نەک تەنها کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەوەی تاکەکان چۆن هەست بە جیهانی دەوروبەریان دەکەن، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی رووخسار و جەستەشیان هەیە.

بەپێی توێژینەوەکە ڕەنگە تایبەتمەندیی دەموچاوی کەسێک خۆی بگونجێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو چەشنە کۆمەڵایەتییانەدا بگونجێن کە پەیوەندییان بە ناوەکەیەوە هەیە.

لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر دەریان خستووە کە مرۆڤ دەتوانێت بەوردی تا ٤٠% ناوی کەسێکی نامۆ پێشبینی بکات، بەڵام هۆکارەکانی پشت ئەم دیاردەیە ڕوون نەبوون.

بۆ دیاریکردنی کاریگەریی ناوەکان لەسەر سیماکانی دەموچاو، تاقیکردنەوەیەک ئەنجام دراوە کە منداڵان و گەورەکان تێیدا بەشدار بوون، تێیدا داوا لە بەشداربوان کراوە کە دەموچاوەکان لەگەڵ هەندێک ناودا بگونجێنن.

ئەنجامەکان دەریان خستووە، دەموچاوی گەورەکان زیاتر لەگەڵ ناوەکانیاندا دەگونجێت وەک لە ڕووخساری منداڵان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری پەیوەندیی نێوان ناو و سیماکانی دەموچاو کە بە تێپەڕبوونی کات گەشە دەکات.

لە قۆناغی دووەمی توێژینەوەکەدا، توێژەران تەکنیکی ئامێریان بەکار هێنا بۆ شیکردنەوەی وێنەی دەموچاو و ئەو ناوانەی پەیوەستن پێیانەوە، شیکارییەکان لێکچوونێکی زۆریان لە نێوان دەموچاوی گەورەکاندا دەرکەوت کە هەمان ناویان هەیە، لەکاتێکدا هیچ لێکچوونێک لە منداڵان بەدی نەکرا کە ناویشیان وەک یەک بوون.

ئەنجامەکان دەری دەخەن کە ڕەنگە هێشتا ڕووخساری منداڵان ڕەنگدانەوەی ناوەکانیان نەبێت، بەڵام ئەو گەورەساڵانەی کە زیاتر لەگەڵ ناوەکانیان ژیاون، تایبەتمەندییەک نیشان دەدەن کە لەگەڵ ناوەکانیاندا دەگونجێن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە ڕواڵەتەکان وردە وردە خۆیان لەگەڵ ئەو چەشنە بگونجێنە کە پەیوەندییان بە ناوەکانەوە هەیە.

ئەمەش دەتوانێت ڕەهەندێکی نوێ بۆ پرۆسەی بڕیاردانی ناوی منداڵان بۆ دایک و باوکان زیاد بکرێت، کە ناوێکی گونجاو هەڵبژێرن بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی باش لەسەر رووخسار و جەستەی دروست بکات.