چەند هۆکارێک دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو

AM:10:41:25/07/2024

9596 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لەو کێشە تەندروستییانەی زۆر کەس بە دەستییەوە دەناڵێنن وشکبوونەوەی چاوە، کە هۆکارە بۆ کزبوون و سوربوونەوەی چاو، ژینگە و تەمەن یەکێکن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو.

بەپێی ماڵپەڕی " CNN" زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە فرمێسک پێویست و گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی چاو و پاراستن لە تووشبوون بە هەوکردن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە وشکبوونەوەی چاو مەترسی تووشبوون بە ژمارەیەک نەخۆشی زیاد دەکات.

بە گوتەی شارەزایان، وشکبوونەوەی چاو پەیوەندی بە چەند شتێکەوە هەیە، گرنگترینیان ئەوەیە کە چاو لەوانەیە فرمێسکی پێویست بەرهەم نەهێنێت، یان ئەو فرمێسکانەی کە بەرهەم دەهێنرێن زۆر زوو بەهەڵم دەبن، یان کەسەکە تووشی کێشەیەک دەبێت لە پێکهاتەی فرمێسک کە چینەکانی چەوری لەخۆدەگرێت.

جگە لەوەش شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەشت هۆکاری باو هەیە کە لەوانەیە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی چاو، لەوانەش:

١. پسپۆران هەڵکشانی تەمەن و وشکبوونەوەی چاو بەیەکەوە دەبەستنەوە و ئاماژەش بەوە دەکەن کە لەگەڵ تەمەنی ٥٠ ساڵیدا زۆربەی خەڵک تووشی وشکبوونەوەی چاو دەبن.

٢. توێژەران دووپاتی دەکەنەوە کە کەشوهەوای سارد و با و هەستیاری وەرزی لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری وشکبوونەوەی چاو.

٣. بەکارهێنانی مۆبایل یان کۆمپیوتەر بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاو.

٤. هەندێک دەرمان دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو، وەک دەرمانی دژە خەمۆکی، دەرمانی دژە سکپڕی و بەرزی پەستانی خوێن.

٥. هەندێک نەخۆشی هۆکارن بۆ وشکبوونەوەی چاو وەک شەکرە و تێکچوونی غودەی دەرەقی و کەمی ڤیتامینA.

٦. شارەزایان لەسەر ئەوە کۆکن کە گۆڕانی هۆرمۆنەکانی پەیوەست بە دووگیانی و وەستانی سوڕی مانگانە پەیوەندییان بە وشکبوونەوەی چاوەوە هەیە.

٧. پسپۆڕان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە هەندێک پێکهاتەی ماکیاژ زیان بە تەندروستی چاو دەگەیەنن و دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو.

٨. عەدەسەی چاو لە هۆکارەکانی وشکبوونەوەی چاو پۆلێن دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت.