ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی نزیکەی نیوەی عێراقییەکانە؛ بۆچی ١ی ٧ هەڵبژێردراوە؟

AM:09:58:01/07/2024

2084 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی نزیکەی نیوەی عێراقییەکانە و بەنزیکەیی ٪٤٠ی دانیشتووانی عێراق کە تەمەنیان لە سەروو ٥٠ ساڵەوەیە، ئەگەربەپێی ناسنامەکانیان بێت لە ١ی ٧ دا لەدایک بوون. چیرۆکی ١ی٧ چییە؟

١ی ٧، یەکەم رۆژی نیوەی دووەمی ساڵە، چیرۆکەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات، کە ٦٦ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٥٧دا، بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی باری شارستانی بڕیاریدا بە سەرژمێریکردنی دانیشتووان و هەڵمەتێک بۆ تۆمارکردنی سەرجەم لەدایکبووان دەستیپێکرد کە ناویان لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا نەبوو.

لەو پڕۆسەیەوە ئەوە دەرکەوت کە بەشێکی زۆری خێزانەکان ناوی منداڵەکانیان تۆمارنەکردبوو، تەنانەت بەشێکیان تاوەکو گەیشتبوونە تەمەنی قوتابخانە و بۆ مامەڵەکانی قوتابخانە دەچوون دەستیان دەکرد بە ناو تۆمارکردنی منداڵەکانیان.

بە جۆرێک بەشێکی زۆری ئەو خێزانانەی لەناو شارەکاندا نەدەژیان، یاخود ناوچەی نیشتەجێبوونیان دووربوو لەو شوێنانەی بەڕێوەبەرایەتی ناسنامە یان رەگەزنامە یان نەخۆشخانەی لێوە نزیکە، هەر لە ماڵەکانی خۆیاندا منداڵەکانیان لەدایکدەبوو و بڕوانامەی لەدایکبوونیشیان بۆ دەرنەدەکردن.

هەر بۆیە بەشێکی زۆر لەو کەسانە، بە تێپەڕینی کات و ساڵەکان، رۆژی لەدایکبوونی منداڵەکانیان لەبیر نەدەما و تەنها ساڵەکەیان دەزانی. جگە لەوانەش بەشێکی خێزانەکان بە ویستی خۆیان لەدایکبوونی منداڵە کوڕەکانیان تۆمارنەدەکرد، ئەوەش بۆئەوەی کاتێک گەیشتنە تەمەنی ١٨ ساڵی نەبرێن بۆ سەربازی.

هەر بۆیە لەو ساڵەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی باری شارستانی ١ی ٧ی دیاریکرد بۆ تۆمارکردنی رێکەوتی لەدایکبوونی ئەو کەسانە، بەو پێیەی ناوەڕاستی ساڵە، بۆئەوەی منداڵان مافی خوێندنیان لەدەست نەچێت.

لەو بارەیەشەوە عەلی نەشمی پزیشک و توێژەر و مێژوونووسی عێراقی باسی لەوەکردووە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ئەو رێکەوتی لەدایکبوونەیان هەیە، تەمەنیان لە ساڵانی شەستەکان یان پێشتر لەدایکبوون.

ئەو بابەتەش بووەتە چیرۆکێک لەناو خەڵکدا و چەند گێڕانەوەی لەسەر دروستکراوە و هەندێکیان باس لەوەدەکەن، "کاتێک لە دایکمان دەپرسی لەکەیدا لەدایکبووین، پێی دەوتین، لە زستان و رۆژێکی بەفر و باراناویدا. ئێمەش دەمانوت، ئەی کەواتە چۆن لە ١ی ٧تدا لە دایکبووین؟."

رووداوێکی دیکەش کە هەر ١ی تەممووزی لە پشتە و ئێستا وەک گێڕانەوەیەکی سەیر باسدەکرێت، لە ساڵی نەوەتەکاندا، وەفدێکی عێراقی سەردانی ناوچەیەکیان کردووە، بەڵام بەبیانووی ساختەیی پاسپۆڕتەکانیان کە سەرجەم ئەندامانی شاندەکە لەدایکبووی ١ی ٧ بوون، لە فڕۆکەخانەوە رێگەیان نەدراوە بچنە ناو شارەکەوە، دواتر باڵیۆزخانەی عێراق لە شارەکە چووەتە ناو بابەتەکەوە و چیرۆکەکەی بۆ روونکردوونەتەوە.

هـ.ئـ