گەرما پەیکەری سەرۆکێکی ئەمریکای تواندەوە

PM:04:57:27/06/2024

1532 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، پەیکەرە لە مۆم دروستکراوەکەی ئەبراهام لینکنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا توایەوە.

وەک دەوترێت "گەرمی کاتی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا ئەوی بە هێمنی هێشتەوە، بەڵام نەیتوانی بەرگەی ئەم گەرمایەی واشنتن بگرێت" .. پەیکەرە بەناوبانگەکەی ئەبراهام لینکنی ١٦ـیەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەڕاستی واشنتن بەهۆی گەرمایەکی بەتینەوە توایەوە و بووەتە باسی گەرمی رۆژنامە و میدیاکان.

وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت، سەرەتا سەری تواوەتەوە، پاشان دەست و قاچەکانی بە کورسییەکەدا لکاون و نەماون.

ئەبراھام لینکن لەدایکبووی شوباتی ١٨٠٩ـی ویلایەتی کنتاکییە و سیاسەتمەدار و پارێزەرێکی ئەمریکی بوو، دواتر وەک ١٦ـیەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستبەکاربوو لەنێوان ساڵانی ١٨٦١ تا ١٨٦٥، لە ١٤ی نیسانی ١٨٦٥ ئەبراهام لینکن، لەکاتی بەشداریکردنی لە شانۆنامەیەک لە شانۆی فۆرد لە واشنتن لەلایەن سەربازێکەوە لە پشتەوە تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.