هەفتەی داهاتوو تەنێکی تیشکدار لە نزیک زەوییەوە تێدەپەڕێت

PM:04:25:24/06/2024

2300 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی ناوەندی نێودەوڵەتی فەلەکناسی ئاشکرای کردووە، پێشبینی دەکرێت تەنێکی بچووک بەناوی "2024 MK” ، شەممەی داهاتوو لە نزیک زەوییەوە تێبپەڕێت.

ناوەندە فەلەکناسییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تێپەڕبوونی تەنی "2024 MK” رۆژی شەممە و بەنزیکەیی کاتژمێر ١:٤١ خولەکی شەو روودەدات، دواتر تەنە بچووکەکە لە دووری تەنها ٢٩٥ هەزار کیلۆمەتر لە زەویەوە تێدەپەڕێت، کە دوو لەسەر سێی مەودای دووری مانگە لە زەوییەوە.

راشیگەیاندووە، ئەم تەنە بچووکە چەند رۆژێک لەمەوبەر و لە ١٦ی حوزەیران دۆزرایەوە، کە تیرەکەی ١٨٧ مەتر دەبێت، وەک ئەستێرەیەکی مەترسیدار پۆلێن دەکرێت.

ئەوەی ئەم رووداوە جیا دەکاتەوە لەوانی تر، ئەوەیە کە تەنە بچووکەکە زۆر رووناک و تیشکدار دەبێت کاتێک نزیک دەبێتەوە لە زەوی، واتە دەتوانرێت بە بەکارهێنانی دووربینی سادە ببینرێت ئەگەر شوێنەکەی لە ئاسماندا بزانرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە هیچ تەنێکی بچووک بەو رووناکییە زۆرە لە نزیک زەوی تێنەپەڕیوە.