چەند رێگەیەکی بەکارهێنانی خوێ وەک چارەسەر بۆ کێشەی چەوری قژ

AM:09:07:08/06/2024

3288 جار خوێندراوەتەوە

دەردانی چەوری زۆر کاریگەری لەسەر پێستی سەر دەبێت و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی قژ بە چەورییەکی رادەبەدەر، هەروەها دروستبوونی نەخۆشییەکانی پێستی سەر.

ماڵپەڕی "الیوم السابع " لە بابەتێکدا باسی لە کۆمەڵێک بژاردە کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، دیارترینیان چارەسەری سرووشتییە، لە بواری چارەسەری سروشتیدا خوێی دەریای پاڵاوتە نەکراو رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتەدا بەهۆی دەوڵەمەندبوونی بە سۆدیۆم، مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم، مس ، ئاسن و زینک.

شێوازی بەکارهێنانی خوێ وەک چارەسەر بۆ چەوری قژ بریتین لە:

١. شامپۆی وشک و خوێی وردی دەریایی: یەک یان دوو کەوچک خوێی دەریایی وردی پاڵاوتەنەکراو بەسەر پێستی سەردا بپرژێنە و بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بەجێی بهێڵە پێش ئەوە قژەکە بە باشی شانە بکە، ئەمەش بەشێکی زۆر لە دەردراوەکانی چەوری لە رووی پێستی سەر هەڵدەمژێت، هەروەها دەتوانیت نیو کەوچک لەم خوێیە بخەیتە سەر ئەو بڕە شامپۆیەی کە بەکاریدەهێنیت بۆ شۆردنی قژت، بەمەرجێک قژەکەت بەباشی مەساج بکەیت و دواتر بۆ ماوەی پێنج خولەک لەسەری بهێڵرێتەوە پێش ئەوەی بەباشی بیشۆیت.

٢. ماسکی خوێی دەریایی ورد: واباشە هەفتەی جارێک ئەم ماسکە لەسەر قژی چەور بەکاربهێنرێت، بۆ ئامادەکردنی دوو کەوچک خوێی دەریایی وردی نەپاڵاوتوو لەگەڵ بڕیک ئاو تێکەڵ بکە، دوای شۆردنی قژت بیدە لە پێستی سەرت بۆ ماوەی ١٥ خولەک بەجێی بهێڵە، دواتر بە باشی بیشۆ.

٣. سپڕای خوێی دەریایی: بۆ ئامادەکردنی ئەم تێکەڵە سپرایە باشترە چوار کەوچکی چێشت خوێی دەریایی وردی پاڵاوتەنەکراو بخرێتە ناو دوو کوپ ئاوی گەرمەوە، پاشان بەباشی دەتوێنەوە و بەتەواوی ساردی بکەرەوە و بیخەرە ناو شووشەی سپڕا، ئەم تێکەڵەیە دەدرێت لە رەگی قژەکە دوای ئەوە بە شانە بە باشی دایدەهێنیت، بۆ ئەوەی بگاتە پێستی سەر.

S.A