بەرهەمێکی کۆمپانیای "Johnson" دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە

AM:08:55:02/05/2024

8156 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەمریکی جۆنسۆن، پێشنیاری کردووە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بدرێتە ئەو خانمانەی کە باسیان لەوە کردووە کە یەکێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی هێلکەدان.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیلی بەریتانی"، بڕیارە ئەم گرێبەستە یەکێک بێت لە گەورەترین قەرەبووکردنەوەکان لە مێژوودا بەهۆی ئەو زانیاریانەی کە باس لەوە دەکەن بەرهەمی پاودەری منداڵان دەبێتە هۆی شێرپەنجەی هێلکەدان.

بەپێی گرێبەستە پێشنیار کراوەکە، کۆمپانیاکە لە ماوەی ٢٥ ساڵدا نزیکەی ٦.٥ ملیار دۆلار دەداتە دەیان هەزار کەس کە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکردووە.

کۆمپانیاکە داوا لەو کەسانە دەکات کە سکاڵا لەسەری تۆمار دەکەن، گرێبەستەکە قبوڵ بکەن و دەڵێت " باشترە لەوەی چاوەڕێی دادگاییکردنێک بکەن کە دەیان ساڵ دەخایەنێت تا دەستپێبکات و گەرەنتی قەرەبووکردنەوەش ناکات."

بۆ قبوڵکردنی ئەم گرێبەستە، لانیکەم لەسەدا ٧٥ی ئەو ٥٤ هەزار کەسەی کە داواکارییان لە دژی کۆمپانیاکە پێشکەش کردووە، دەبێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەنگ بە گرێبەستەکە بدەن.

جێگەی باسە سەرەتای ئەم مانگە کۆمپانیاکە ٤٥ ملیۆن دۆلاری داوە بە خێزانێک لە ویلایەتی ئیلینۆیس کە دوای تووشبوون بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە، کە باس لەوە دەکرێت تووشبوونەکەی پەیوەندی بە بەکارهێنانی پاودەرەکەوە هەبووبێت.

پاودەرەکە دەیان ساڵە لە جیهاندا بەناوبانگبووە و بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە، بەهۆی توانای هێشتنەوەی پێست بە وشکی و یارمەتی دوورکەوتنەوە لە پەڵە دەدات، هەروەها لەلایەن گەورەکان و منداڵانەوە بە هەمان شێوە بەکاردەهێنراوە.

بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە پاودەرەکە لە کانزایەکی سروشتی دروستکراوە، هەروەها بڕێکی کەمی ئەسبێستۆسی تێدایە کە بە مادەی شێرپەنجەیی ناسراوە، کاتێک ڕیشاڵی ئاسبێستۆس دەچێتە ناو جەستەوە، دەتوانێت بۆ هەمیشە لەناو شانە نەرمەکاندا جێگیر بێت و زیانێکی زۆری بە خانەکان بگەیەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.

کۆمپانیای جۆنسن کە بنکەکەی لە ویلایەتی نیوجرسییە، دانی بە هیچ هەڵەیەکدا نەناوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەرهەمەکانیان سەلامەتن و ئاسبێستۆسیان تێدا نییە و نابێتە هۆی شێرپەنجە.