چۆن خۆت لە نەخۆشی گورچیلە دەپارێزیت.. ئایا نیشانە شاراوەکانی چین؟

AM:08:58:01/05/2024

5656 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکان هۆشداری دەدەن لە مەترسی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی نەخۆشی گورچیلە، بەو پێیەی ڕەنگە ببێتە هۆی خراپتربوونی حاڵەتەکە و گەیشتن بە قۆناغی لەکارکەوتنی گورچیلە بۆیە گرنگە ئاگاداری نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە بن.

تۆم ئۆتس، پزیشکی گورچیلە لە بەریتانیا، پشتڕاستی دەکاتەوە کە زوو دیاریکردنی نیشانەکانی نەخۆشی گورچیلە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ رێگریکردن لە لەکارکەوتنی گورچیلەکان.

گورچیلە بە یەکێک لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستە دادەندرێت، بەو پێیەی پاشماوە و ئاوی زیادەی ناو خوێن دەپاڵێوێت، هەروەها ئەو ئاوە بۆ بەرهەمهێنانی میز بەکاردەهێنێتەوە.

گورچیلەکان لەئەنجامی بەرزبوونەوەی شەکر و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیانیان پێدەگات، بەو پێیەی توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادبوونی کێشە درێژخایەنەکانی گورچیلە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی گەورەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە تووشی نەخۆشی شەکرە جۆری دوو و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بوون.

هەروەها رەنگە بەهۆی بارودۆخی بۆماوەییەوە گورچیلەکان زیانیان بەربکەوێت، یان زۆر بەکارهێنانی دەرمانی ئازار شکێن.

زۆرجار نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە بەشێوەیەکی گونجاو دەستنیشان ناکرێت، بەپێی توێژینەوەیەک کە لە لەندەن ئەنجامدراوە دەریخستووە کە زۆرێک لە حاڵەتەکان دەستنیشان نەکراون جگە لە قۆناغە پێشکەوتووەکان.

پزیشکان باس لەوە دەکەن زۆر جار هیچ نیشانەیەک دەرناکەوێت تا شتەکان بەتەواوی بەرەوپێش نەچن، هەر بۆیە زۆر کەس هەن کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە کە ڕەنگە ئاگاداری حاڵەتەکەیان نەبن.

بە زۆری نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە ( میزکردنی کەم یان زۆر میزکردن، خوران و وشکبوونەوەی پێست، هەستکردن بە ماندوێتی، سکچوون، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و دابەزینی کێش)

بەگوێرەی ڕێکخراوەکە ئەو کەسانەی قۆناغی پێشکەوتووی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە، ، هەست بە کێشەی تەرکیزکردن دەکەن، سڕبوون یان ئاوسانی قۆڵ، قاچ، پاژنەی پێ یان پێی، ئازاری ماسولکەکان یان گرژبوون، کێشەی هەناسەدان، ڕشانەوە، کێشەی خەوتن.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن دەرکەوتنی خوێن لە میزدا نیشانەی سستبوونی گورچیلەیە، بەو پێیەی ئەم نیشانەیە بەزۆری کاتێک دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکە لە قۆناغی پێشکەوتووی خۆیدایە، گورچیلەکانیش لەم قۆناغەدا لە کەمتر لە سەدا ٣٠ی توانای ئاسایی خۆیان کاردەکەن.

ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کە تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٧٥ ساڵدایە، پشکنینی تەندروستی بکەن بۆ پشکنینی کارکردنی گورچیلەکانیان، بەتایبەتی ئەگەر جگەرە دەکێشن یان کێشیان زیادە، یان هۆکاری دیکەی مەترسی وەک نەخۆشی شەکرە یان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە.

هەرچەندە زووتر بتوانیت نەخۆشی گورچیلە دەستنیشان بکەیت، زیاتر دەتوانیت رێگری بکەیت لەکارکەوتنی گورچیلەکان.