چەند زیندانییەک تونێلێکی راکردنیان دروست کرد بەڵام لە کۆتایی تونێلەکە گەیشتن بە بارەگایەکی راهێنانی پۆلیسەکان

PM:11:06:25/04/2024

2272 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی هەڵهاتن لە زیندان، لە شارێکی ڤەنزوێلا کۆمەڵێک زیندانی کە ژمارەیان ٢٠ کەس بوو هەستان بە کونکردنی دیواری ژوورەکەیان و دروستکردنی تونێلێکی دەرچوون لەو ژوورەی تێیدا زیندانی کرابوون، بەڵام لەدوای گەیشتنیان بە کۆتایی تونێلەکە خۆیان لە شوێنێکی راهێنانی بارەگای پۆلیس بینییەوە و دووبارە دەستگیر کران.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا چەند پۆلیسێک ژمارەیەک زیندانی لە تونێلێکی دەستکردەوە دەردەهێنن، کە لە زیندانێکی شاری ماراکایبۆ لە ڤەنزوێلایە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو زیندانیانە کە ژمارەیان ٢٠ زیندانی بووە، دیواری ئەو ژوورەیان کون کردووە کە تێیدا زیندانی کرابوون و رێڕەوێکی هاوشێوەی تونێلیان دروست کردووە بۆ هەڵهاتنیان لە زیندانەکە، بەڵام لەدوای گەیشتنیان بە کۆتایی تونێلەکە درکیان بە هەڵەکەیان کرد کاتێک خۆیان لە شوێنێک بینیەوە کە خولێک بوو بۆ راهێنانی پۆلیسەکان.

سەبارەت بە دۆخی زیندانییەکان، تیمەکانی پۆلیس پشتڕاستیان کردەوە کە هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و سەرجەم زیندانییەکان دووبارە دەستگیر کراونەتەوە بەڵام سێ کەسیان بەهۆی تێپەڕبوونیان بە تونێلە دەستکردەکەدا بریندار بوون و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.