سێ گۆرانی وەک سیمبولی جەژنی نەورۆز

PM:07:23:20/03/2024

22152 جار خوێندراوەتەوە

جەژنی نەورۆز كە بە سەری ساڵی كوردی ناسراوە و لە رێكەوتی یەكەمین رۆژی وەرزی بەهار دێت، وێڕای بۆچوونی جیاواز لەبارەی راستیی سەربردە مێژوویییەكەیەوە، لای كورد بووەتە جەژنێكی نەتەوەیی و ساڵ بە ساڵ شێواز و رێورەسمی یادكردنەوەكەی پەرە دەسێنێت.

لەو نێوەندەدا بەدرێژایی ساڵانی رابردوو چەند گۆرانییەکی کوردی بوون بە سیمبول بۆ ئەم رۆژە نەتەوەییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆژەکەیان پێ دەناسرێتەوە، هەروەها دەبنە مایەی بزواندنی هەست و بیری نەتەوەیی کە سێ لەم گۆرانییانە بریتین لە:

١. "ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە" ، بە دەنگی حەسەن زیرەک: لەگەڵ ئەوەی کە زۆرێک ئەم گۆرانییە بە هی حەسەن زیرەک دەزانن، بەڵام لە بنچینەدا ئەم هۆنراوەیەی پیرەمێردی شاعیر بۆ یەکەم جار لەلایەن هونەرمەند "قادر دیلان" ئاوازی بۆ دانراوە و بە دەنگی هونەرمەند "حەمە ساڵح دیلان" تۆمار کراوە و وتراوە، بەڵام بەو پێیەی حەسەن زیرەک شانبەشانی موزیسیانی گەورەی کورد "موجتەبای میرزادە" دووبارە گۆرانییەکەی نوێکردووەتەوە، لە ئێستادا زیاتر ئەو تۆمارەی گۆرانییەکە بووە بە سیمبولی یەکەم رۆژی نەورۆز.

٢".نەورۆز رۆژە و دیلانە، رۆژا جەرگ و ملانە" بە دەنگی هۆزان کاوە: ئەم گۆرانییەی هونەرمەندی باکوری کوردستان هۆزان کاوە یەکێکە لە گۆرانییەکانی ئەلبوومی "تایا دلا"ی ئەم هونەرمەندە کە لە ئاواز و نوسینی خۆیەتی و لە ئێستادا لە هەر چوار پارچەی کوردستان گۆرانییەکی دڵخوازی خەڵکە لە یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆزدا و لەم رۆژەدا دەبێت بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

٣. "نەورۆز هات ب گول و ریحان"ی ئەیاز یوسف: هونەرمەندی گۆرانیبێژ "ئەیاز یوسف" کە زیاتر بە "ئەیاز زاخۆیی" ناودەبرێت یەکێک بوو لەو گۆرانیبێژانەی کە سەرەڕای کەمی تەمەنی کە تەنها ٢٥ ساڵ ژیا، چەند گۆرانییەکی ناوازەی لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٥ تۆمار کرد کە بەناوبانگترینیان ئەم گۆرانییە بوو و بەهەمان شێوە بووە سیمبولێک بۆ یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆز، جێی باسە ناوبراو لە ١٩٨٦/١/٢٠ کۆچی دوایی کردووە.

H.Y