ئایا خواردنی قاچی مریشک زیانی هەیە؟

AM:11:02:19/03/2024

54296 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە زۆرجار قاچی مریشک لە کاتی کوڵاندنی مریشکدا فڕێدەدرێت، بەڵام بەشێک لە خەڵکی ئارەزووی دەکەن، هەروەها لە زۆر شوێنی جیهاندا دەخورێت، لەوانە مەکسیک، باشووری ئەفریقا، ئاسیا، جامایکا.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " Ammon News" دا ئاماژەی پێکراوە، کە قاچی مریشک چەندین سوودی تەندروستی هەیە، کە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی ڕێژەی کۆلاجینەکەی، بەو پێیەی قاچی مریشک زیاتر لە شانە بەستەرەکان پێکهاتووە، کە بڕێکی باش ڤیتامین و کانزاکان دابین دەکات.

دوو قاچی مریشک کە کێشی بە نزیکەیی ٧٠ گرامە، ئەم پێکهاتەنە لە خۆدەگرێت:

کالۆری: ١٥٠گرام.

پڕۆتین: ١٤ گرام.

چەوری: ١٠ گرام.

کاربۆهیدرات: 0.14 گرام.

کالسیۆم: %5 لە بەهای ڕۆژانە.

فسفۆر: %5 ی بەهای ڕۆژانە.

ڤیتامین A: 2% لە بەهای ڕۆژانە.

فۆلیک ئەسید: 15%ی بەهای ڕۆژانە.

نزیکەی ٧٠%ی کۆی پڕۆتینی قاچی مریشک بریتیە لە کۆلاجین کە پرۆتینێکی پێکهاتەییە و شێوە و هێز و بەرگری بۆ پێست و ڕیشاڵ و ماسولکە و ئێسکەکانت دابین دەکات.

ڕێژەی چەوری قاچی مریشک زۆرتر لە پێستەکەیەتی، کە بەزۆری بۆ چێشت لێنان لادەبرێت، بەڵام قاچی مریشکی سورکراوە زیانی هەیە چونکە ڕێژەیەکی کاربۆهیدرات و چەوری و کالۆری زۆری تێدایە.

دیارترین سوودەکانی قاجی مریشک بریتین لە:

١. یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان دەدات، بەو پێیەی ئەو کۆلاجینەی لە قاچی مریشکدا هەیە ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە.

٢. هاندەری دووبارە دروستبوونەوەی شانەکانە، بەم شێوەیەش هەوکردنی ئێسکەکان ، نیشانەکانی ئازار و لاوازی جەستەیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

٣. قاچی مریشک یارمەتی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات.

٤. تەندروستی دڵ باشتر دەکات و رێگری دەکات لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

سەرەرای سوودەکانی قاچی مریشک کاریگەری زیانبەخشیشی هەیە، لەوانەش :

- خواردنی قاچی مریشکی ئەگەری بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ زیاد دەکات.

- قاچی مریشک لە چەندین ئێسکی بچووک پێکهاتووە، کە ڕەنگە مەترسی خنکاندن بۆ منداڵان و گەورەکان دروست بکات.

- قاچی مریشک زۆرجار پاکوخاوێن نییە، بۆیە لەکاتی کڕینی قاچی مریشکدا دڵنیابە لە پشکنینی ورد، چونکە ئەگەر پاک نەبێت بە شێوەیەکی گشتی زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
A.A