مارلین مۆنرۆ گەڕێنرایەوە بۆ ژیان

PM:05:12:09/03/2024

19952 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای نزیکەی ٦٠ ساڵ لە مردنی، مارلین مۆنرۆ بە وەشانێکی دیجیتاڵی دەگەڕێتەوە بۆ ژیان کە بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە دروستکراوە.

لە هەواڵێکی ماڵپەری زە گاردیاندا هاتووە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦٠ ساڵ لە کۆچی دوایی مارلین مۆنرۆ ئەکتەری کۆچکردووی هۆڵیوود، لە کۆنفرانسی تەکنەلۆژیای باشوور لە ئۆستن، وەشانێکی دیجیتاڵیی و بەیارمەتی زیرەکی دەستکرد ئەو ئەستێرەیە گەڕایەوە سەر شاشەکان، کە لەلایەن کۆمپانیای Soul Machines و بە هاوبەشی لەگەڵ گروپی Authentic Brands Group دیزاین کراوە.

وەشانی دیجیتاڵیی کە ناوی "دیجیتاڵ مارلین"ـە، بە کراسە رەشە بەناوبانگەکەی و قژە زەردەکەی دەردەکەوێت، هەروەها بە دەنگی راستەقینەی ئەکتەرە کۆچکردووەکە قسە دەکات.

 

هەر بەپێی هەواڵەکە، دیجیتاڵ مارلین دەتوانێت هەستەکانی خۆی دەرببڕێت، وەک زەردەخەنەکردن وەک وەڵامی سوپاسکردن.

دیجیتاڵ مارلین لە وەڵامی پرسیاری فیلمی دڵخوازی خۆیدا رایگەیاند، رۆڵەکەی لە فیلمی "Some Like It Hot" لە ساڵی ١٩٥٩دا باشترینی ئەوە.
مارلین مۆنرۆ خانمە ئەکتەری کۆچکردووی هۆڵیوودە، ساڵی ١٩٢٦ لە کالیفۆڕنیا لەدایکبووە و خاوەنی ناوبانگێکی زۆر بووە بەهۆی نواندنەکانییەوە لە ساڵانی ٥٠ و ٦٠ـەکانی سەدەی رابردوودا، ساڵی ١٩٦٢ و لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا بە مردوویی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە و دواتر بەپێی راپۆرتی نووسینگەی پزیشکیی دادوەریی لۆس ئەنجلۆس گیان لەدەستدانەکەی بە خۆکوژی دانرا، ئەمەش بە پشتبەستن بە زیادەڕۆیی لە خواردنی ژەمێکی زۆر لە دەرمان و گۆڕانی باری دەروونی.