کام جۆری پرۆتین باشترە.. رووەکی یان ئاژەڵی؟

PM:04:36:19/02/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

پرۆتین پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە هەیە، بەتایبەتی دوای پیربوون و لەدەستدانی توانای جەستەیی.

بەگوێرەی توێژینەوەکان، وەک لە ماڵپەڕی "إرم"دا ئاماژەی پێکراوە، ئەو کەسانەی بەتەمەنن و زیاتر پرۆتین بەکاردەهێنن، لە رووی جەستەییەوە باشترن و بارستەی ئێسک و ماسولکەکانیان لەدەست نادەن وەک ئەو کەسانەی زیاتر پشت بە کاربۆهیدرات دەبەستن.

پیربوونی تەندروست تەنها مەبەست تەندروستی دەروونی و بێ کەموکوڕی لە چالاکییە دەروونی یان جەستەییەکاندا نییە، بەڵکو دووربوونە لە ١١ نەخۆشی درێژخایەنی گەورە، دیارترینیان شێرپەنجە، شەکرەی جۆری دوو، جەڵتەی مێشک، لەکارکەوتنی گورچیلە، نەخۆشی پارکینسۆن.

ئاشکرایە کە پرۆتین لە چەند سەرچاوەیەکەوە وەردەگیرێت کە هەندێکیان ئاژەڵین و هەندێکی تریان رووەکی، کامیان باشترە بە وتەی پسپۆڕان، توێژینەوەکانی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری ئەمریکی بۆ خۆراکی کلینیکی بڵاوکراونەتەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پرۆتینی رووەکی باشترین هەڵبژاردەیە بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی لە تەمەنی ناوەڕاست یان گەورە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە پێکهاتە خۆراکیەکانی پەیوەست بە سەرچاوەی پرۆتینی رووەکی، وەک: ماددە خۆراکییە بچووکەکان، ریشاڵی خۆراکی و پۆلیفینۆڵەکان، هەموو پێداویستییەکان بەدی دەهێنن بۆ جەستەیەکی تەندروست.

جگە لەوەش ژەمە رووەکییەکان رێژەیەکی کەم چەوری و دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، ئەمەش سوودی هەیە بۆ بەکتریای سودبەخشی ناو لەش.

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە هەندێک لە ترشە ئەمینیەکان "وەکو میتیۆنین یان BCAAs" پەیوەندییان بە کۆنترۆڵکردنی گۆڕانکاری خۆراک و پیربوونەوە هەیە، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی زۆری پرۆتینی ئاژەڵان "بە تایبەت گۆشتی سوور" کە رێژەیەکی زۆر میتیۆنین و BCAAی تێدایە، رەنگە بەشداربێت لە گەشەکردنی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە تەمەنەوە.

لە کۆتاییدا زاناکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هەرچەندە سەرچاوە ئاژەڵییەکان رێژەیەکی زیاتری پرۆتینی تێدایە، بەڵام هیچ هۆکارێکی پارێزەری زیادەیان تێدا نییە، بۆیە پێویستە خۆراکە رووەکییەکان ژەمی سەرەکی رۆژانە پێکبهێنن.

H.Y