زۆرجار مەعکەرۆنی
وەک ژەمێک سەیر دەکرێت، بەڵام بەو پێیەی رێژەیەکی بەرزی کاربۆهیدراتی تێدایە، بۆ ئەو
کەسانە ناگونجێت کە دەیانەوێت کێشیان داببەزێنن.
بەگوێرەی
ماڵپەڕی کلینیکی مایۆ، دەبێت رێجیمەکان بڕێکی گونجاوی کاربۆهیدراتەکان لەخۆبگرن،
چونکە سوودی تەندروستی زۆریان هەیە.
ئێرین مۆرس،
سەرۆکی پسپۆڕی خۆراکی کلینیکی لە سەنتەری تەندروستی زانکۆی کالیفۆرنیا بە رۆژنامەی
واشنتۆن پۆستی راگەیاندووە، مەعکەرۆنی ئەوەندە خواردنێکی قەڵەوکەر نییە کە باس دەکرێت.
جەستەی
مرۆڤ پێویستی بە کاربۆهیدرات هەیە بۆ ئەوەی بە باشی کاربکات، رێنمایی خۆراکی بۆ ئەمریکییەکان
پێشنیاری ئەوە دەکات کە کاربۆهیدراتەکان لە نێوان لەسەدا ٤٥ بۆ ٦٥ی کۆی گشتی کالۆری
رۆژانە پێکبهێنن.
بەم پێیە
ئەگەر رۆژانە ٢٠٠٠ کالۆری وەربگریت، پێویستە ٩٠٠ بۆ١٣٠٠ کالۆری کاربۆهیدرات بێت، ئەمەش
واتە دەبێت رۆژانە لەنێوان٢٢٥ بۆ ٣٢٥ گرام کاربۆهیدرات وەربگریت.
لە توێژینەوەیەکی
ساڵی ٢٠١٨ کە لە گۆڤاری "لانسێت" بڵاوکراوەتەوە، توێژەران پێشبینییان
کردووە، کەسێکی تەمەن ٥٠ ساڵ کە نیوەی کالۆرییەکانی لە کاربۆهیدراتەکانەوە دەستدەکەوێت،
تەمەنی چوار ساڵ زیاتر دەبێت وەک لە کەسێک کە رێجیمێکی کەم کاربۆهیدرات پەیڕەو دەکات.
مەعکەرۆنی
ئاسایی لە ئاردی پاڵاوتە دروست دەکرێت، کە چینە دەرەکییە دەوڵەمەندەکانی بە ریشاڵ
لێدەسەندرێتەوە، بەڵام ئاردەکە (کە پێی دەوترێت سیمۆلینا) لە گەنمی دورومەوە دێت کە
رێژەی پرۆتینی زیاترە لە ئاردی تر.
مۆرس دەڵێت
"مەعکەرۆنی دەتوانێت بەشێک بێت لە خۆراکی تەندروست و بۆ تۆ باشترە لە فنگری
سوورکراوە و نانی سپی، بۆیە گۆڕینیان بە مەعکەرۆنی سوودی بۆ تەندروستیت دەبێت".
H.Y