ئەپڵ لە
مانگی ئازارەوە رێگە بە بەکارهێنانی ئەپ ستۆری جێگرەوە دەدات لەسەر ئامێرەکانی کە
لە یەکێتی ئەوروپا کڕدراون، لە ئێستادا هەر کەسێک ئایفۆنی هەبێت تەنها دەتوانێت لە
ئەپ ستۆری تایبەتی کۆمپانیاکە ئەپەکان دابەزێنێت.
ئەپڵ هەمیشە
جەختی لەوە کردووەتەوە کە یاساکانی ئاسایشی بەکارهێنەران دەپارێزن، بەڵام بەو
هۆیەوە تۆمەتبار کراوە بە دروستکردنی قۆرخکاری،
بەوەی هیچ بژاردەیەک بە بەکارهێنەرانی نادات جگە لەوەی بە کەناڵەکانی خۆیدا تێپەڕن
و لەگەڵ ئەوەشدا بە رێژەی ٣٠٪ باج لە گەشەپێدەران وەردەگرێت.
ئەمەش
بووەتە هۆی ئەوەی کە ملیۆنان کەس لەو گەشەپێدەرانەی کە بەرهەڵستی ستانداردەکانی
ئەپڵ دەکەن بۆ بازاڕکردن لە ئەپ ستۆردا، یان نایانەوێت پارە بدەن بە ئەپڵ، دووربکەونەوە
لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئەو کۆمپانیایە.
گۆڕانکارییەکان
لەم قۆناغەدا لە بەریتانیا کارا نابن، هەرچەندە پڕۆژە یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکانی
بەریتانیا کە ئێستا لە پەرلەماندا خەریکە تێدەپەڕێت، پێدەچێت چالاکییەکانی ئەپڵ
بخاتە ژێر چاودێری رێکخراوەییەوە.
کۆمپانیایEpic کە دروستکەری فۆرتنایتە، یارییە بەناوبانگەکەی
لە ئەپ ستۆر کشاندەوە دوای ئەوەی لەگەڵ سیاسەتەکانیدا دووچاری ناکۆکی بوو، لە ساڵی
٢٠٢٠ـەوە تا ئێستا لە ئەپ ستۆر بەردەست نەبووە، هەرچەندە دەتوانرێت لە رێگەی وێبەوە
یاری پێبکرێت.
لە رووی
تیۆریەوە ئەم هەنگاوە دەتوانێت بەو مانایە بێت کە بەکارهێنەرانی ئایفۆن لە ئەوروپا
بتوانن یاری فۆرتنایت لە رێگەی بازاڕێکی ئەپی جیاوازەوە دابەزانێنن.
ئەم هەنگاوە
لە کاتێکدایە کە یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە،
ئامانج لە یاسا نوێیەکە رێکخستنی گەورەترین کۆمپانیاکانە کە دەروازەپارێزن بۆ خزمەتگوزارییەکانی
وەک بزوێنەری گەڕان و ئەپ ستۆرەکان بۆ ئەوەی بازاڕەکە دادپەروەرتر بێت بۆ کۆمپانیا
دامەزراوەکان و کۆمپانیا بچووکەکان.
هەروەها
ئەپڵ رایگەیاندووە کە زیاتر بژاردەی وێبگەڕەکان دەکاتەوە، بەجۆرێک بەکارهێنەرانی یەکێتی
ئەوروپا بتوانن لە یەکەم جارەوە وێبگەڕی سەفاری کۆمپانیاکە بەکارنەهێنن.
بەڵام هۆشداریدا
لەوەی لەکاتێکدا ستانداردی بەرز بۆ هەموو ئەپ و فرۆشگا جێگرەوە نوێیەکان دادەنێت، ئەم
هەنگاوە مەترسی ئاسایشی زیاتر بۆ کڕیاران دروست دەکات، مەترسی بەرکەوتنیان بە بەرنامەی زیانبەخش و ساختە
و فێڵە شاراوەکان لەناو ئەپەکان لە شوێنی ترەوە زیاد دەکات.
ئەپەکانی
ئەندرۆید لە زووەوە دەتوانن لە فرۆشگای جیاوازەوە دابگیرێن، بەڵام ئەمە وای کردووە
بەرنامە زیانبەخشەکان زیاتر لە ئامێرەکانی ئەندرۆیددا باوبن تا ئامێرەکانی ئەپڵ.
ئامانجی
هەردوو یاسا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و پێشنیارەکانی بەریتانیا هەوڵدان بۆ
پاراستنی بازاڕە کراوە و کێبڕکێکارەکانە کە کۆمپانیایەکی زۆر بتوانن بە سەرکەوتوویی
شانبەشانی یەکتر کاربکەن.
H.Y