هەندێک جار شەربەتی
میوەی سروشتی وەک رێگەیەکی ئاسان باس دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە پێنج ژەمەکەی
رۆژانەی سەوزە و میوە، بەڵام بەپێی شیکارییەکی نوێ، منداڵێک کە رۆژانە شەربەت
بخواتەوە کاریگەری لەسەر زیادبوونی کێشی دەبێت.
بەگوێرەی
"تودەی هێڵس نیوز" ، هەرچەندە شەربەتی میوە ڤیتامین و هەندێک مادەی خۆراکیی
تێدایە، بەڵام نیگەرانییەکە لە رێژەیەکی زۆری شەکرەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها
بەوەی کە ریشاڵی خۆراکی تێدا نییە کە کاریگەری شەکر سنووردار بکات، بۆ پشتڕاستکردنەوەی
ئەمەش تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی تۆرۆنتۆ و راوێژکاری لە زانکۆی هارڤارد و نەخۆشخانەکانی
سیک کیدز، بریگام و سانت مایکڵ ٤٢ توێژینەوەیان لەسەر کاریگەرییەکانی خواردنەوەی شەربەتی
میوەی پاک بەبێ زیادکردن ئەنجامداوە.
بۆیان دەرکەوت بۆ
منداڵان پەیوەندییەکی ئەرێنی لە نێوان خواردنەوەی رۆژانەی ئاوی میوە و زیادبوونی کێش
هەیە، بەڵام لە گەورەکاندا هیچ پەیوەندییەکی هاوشێوە بەدی نەکراوە جگە لە هەندێک لێکۆڵینەوە.
توێژینەوەکان
نموونەی هەندێک شەربەتی میوەیان هێنا وەک شەربەتی هەنار، کاڵەک، گێلاس، سێو، لیمۆ
و ترێ، هەروەها بەراوردیان کردووە بە خۆراکی ستاندارد بە تەنیا، ئاو، یان رێجیم یان
خواردنەوە کەم کالۆرییەکان.
ئەنجامەکان پشتگیری
لە پێشنیارەکان بۆ خواردنی شەربەتی میوە دەکەن کە لە ١١٨ مل لە رۆژێکدا بۆ منداڵێکی
تەمەن یەک تا سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لە ١٧٧ مل لە رۆژێکدا بۆ منداڵێکی تەمەن چوار بۆ
شەش ساڵ زیاتر نەبێت و لە ٢٣٦ مل زیاتر نەبێت لە رۆژێکدا بۆ منداڵێکی تەمەن حەوت
تا ١٨ ساڵ.
H.Y