شیرین داوای لێبوردن لە عێراقییەکان دەکات

PM:07:00:14/01/2024

19800 جار خوێندراوەتەوە

خانمە هونەرمەندی میسری شیرین عەبدولوەهاب لە دوبەی، لە یەکەم لێدوانیدا لەسەر قسەکەی کە لە ئاهەنگێکی سەری ساڵدا لە دوبەی کردبووی، پەشیمانی خۆی دەربڕی و داوای لێبوردنی کرد.

ئێوارەی رۆژی شەممە نوسینگەی راگەیاندنی خانمە هونەرمەندەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا پشتڕاستی کردەوە کە شیرین بەنیازی ئەوە نەبووە هیچ گاڵتەیەک بە خەڵکی عێراق بکات و ئاماژە بەوەش کرا، ئەوەی ئەو وتوویەتی بە مانای توڕەکردنی خەڵکی عێراق نەبووە، کاتێک مەبەستی دووبارەکردنەوەی دەستەواژەیەک بووە کە گەلی میسر ئاڕاستەی ئەو کەسانەی دەکەن کە دوای نەبوونیی ماوەیەکی زۆر دەگەڕێنەوە میسر، (بالخير كله من أرض العراق).

شیرین دووپاتی کردووەتەوە، خۆشەویستی ئەو بۆ هەوادارەکانی لە عێراق وایکردووە ئەو قسەیە بکات، هەروەها خانمە هونەرمەندەکە هیوادارە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوادارەکانی لە عێراق ببینێت، بۆ ئەوەی خۆشەویستی و پێزانینی خۆی بۆ هەوادارەکانی نوێ بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت "پێگەیەکی تایبەتیان لە دڵیدا هەیە".

شیرین عەبدولوەهاب خانمە هونەرمەندێکی میسڕییە و ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی گۆرانیوتنە، لە ماوەکانی رابردوودا مشتومڕێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد، دوای ئەوەی ڤیدیۆ کلیپێک لە کۆنسێرتەکەیەوە لە دوبەی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا دەڵێت "هەست دەکەم لە عێراقەوە دێم” ، بۆ پێشوازی ئامادەبووان، لەگەڵ وتنی "سوپاس بۆ خودا بۆ سەلامەتیتان" ، ئەمەش خوێندنەوەی زۆری بۆ کرا.