دوای ئەوەی ئێوارەی
ئەمڕۆ لانە ئیسماعیل محەمەد بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد، ئیسماعیل
محەمەدی باوکی کۆتا هۆنراوەی بەناو "گیانم نەزری گیانت" بۆ کچەکەی نوسیبوو
پێش مەرگی لەلایەن گۆرانیبێژ بێباک ئەمیرەوە بە گۆرانی وترایەوە.
"جەرگم بریندارە کچم .. بۆ جەرگی برینداری تۆ، هەموو گیانم
ئازارە .. بۆ بێ حاڵی و ئازاری تۆ ، ئێستا رۆحم سەرگەردانە .. وێڵە بە دوای دوو
چاوی تۆ ، هەناوم قوڵپ ئەدا کچم .. بۆ غەریبی و داماویی تۆ" ، شاعیر پێش
مەرگی کچەکەی ئەم هۆنراوەیەی وەک لاواندنەوەیەک بۆ کچەکەی نووسیوە کە ماوەیەکی زۆر
بوو بەهۆی شێرپەنجەوە تەندروستی تێکچوو بوو.
گۆرانییەکە لەلایەن
گۆرانیبێژی لاو بێباک ئەمیرەوە وتراوە، تێکستی ئیسماعیل محەمەد و ئاوازی ئەفشین
شوکرییە، دوێنێ یەکشەممە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ئیسماعیل محەمەد ڤیدیۆی
گۆرانییەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر نووسیوە "پێشكەشە بە
لانەی كچم".
لانە ئیسماعیل محەمەد کچی شاعیر و نووسەر ئیسماعیل
محەمەدە کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری نووسین و هۆنراوەدا کار دەکات، هەروەها هاوسەری
هونەرمەند هاوکار جەمال کابانە و خاوەنی منداڵێکن، لانە ماوەیەکی زۆر بوو تووشی
نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەکەوە کۆچی دوایی کرد.