هۆکارەکانی قەڵەوی چین؟ رێژەی قەڵەوی لە هەرێمی کوردستان چەندە؟

PM:10:35:23/12/2023

980 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ئەنلایەنس بۆ دەستنیشانکردنی قەڵەوی رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان رێژەی قەڵەوی گەشتووەتە ٦٠٪ و هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ خواردنی زۆر و کەم وەرزشکردن لەگەڵ کەمخەوی و چەندین هۆکاری دیکە.

ئەمڕۆ شەممە، هەژێن تەڵعەت سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ئەنلایەنس بۆ دەستنیشانکردنی قەڵەوی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ساڵی ١٩٧٥ـەوە تاوەکو ئێستا رێژەی قەڵەوی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ سێ ئەوەندە زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێی بڕیاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئێستا قەڵەوی وەکو نەخۆشی دەستنیشان دەکرێت، چونکە لە ئێستادا ئەوانەی قەڵەون بە رێژەی زیاتر لە ٤٠٪ـیان تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ زیاترە.

ئەوەشی خستە روو، لە هەرێمی کوردستاندا رێژەی قەڵەوی ٦٠٪ دەبێت و بەمەبەستی چارەسەر ٢٠٦ کەسیان وەک نموونە وەگرتووە ٤١٪ـی مێ و ٥٩٪ـی نێر بوون کە تەمەنیان لە نێوان بیست تا چل ساڵ بووە، هاوکات بۆیان دەرکەوتووە ٣٥٪ـی بەشداربووان قەڵەوی ترسناکیان هەیە.

باسی لەوەش کرد، هۆکارەکانی قەڵەوی بریتین لە خواردنی زۆر و کەم وەرزشکردن و کەمخەوی لەگەڵ قەڵەوی بۆماوەیی و خواردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دوو گیانی لە ئافرەتانیش دەبێتە هۆی قەڵەوی.

وتیشی، لە پیاواندا کاتێک کەمەر گەیشتە ١٠٢ سانتیمەتر ئەوا ئەو کەسە قەڵەوە و لە ژنانیشدا هەر کاتێک کەمەریان گەیشتە ٨٨ سانتیمەتر بە قەڵەو هەژماردەکرێن.