شێوازی دروستکردنی شێلم بەترش

AM:10:23:16/12/2023

14872 جار خوێندراوەتەوە

شێلم بەترش یەکێکە لە خواردنە زستانە کوردەوارییەکان کە تامێکی خۆشی هەیە و خەڵکی ئامادەی دەکەن.

پێداویستییەکان:

دوو کیلۆ شێلم.

نیو كیلۆ چەوەندەر.

نیو کیلۆ گێزەر.

سرکە و خوێ.

شێوازی ئامادەکردنەکەی:

شێلم و گێزەرەکە جوان بشۆرەوە، وردیان بکە و تێکەڵیان بکە، بیانکەرە سەتڵێکەوە.

کیلۆیەک خوێی بێ یۆدی بۆ بکە بەخوێیاو و بیکە بەسەریدا تا دای بپۆشێت و سەری بنێرەوە داینێ تا ھەفتەیەک.

دوای ھەفتەکە لە خوێیاوەکە دەری بێنە و لە ماوەی رۆژێکدا دوو سێ جار ئاوی بگۆڕە تا سوێریەکەی نەمێنێت.

پاشان لە سوزگیەکدا با ئاوە چۆڕ ببێت و چەوەندەرەکە ورد بکە، ئینجا شێلم، گێزەر و چەوەندەرەکە تێکەڵ بکە، بیانکەرە سەتڵێکەوە و سرکە و ئاو بەپێی پێویستی خوێ بکەرە ناو سەتڵی کەرەستەکانەوە بە جۆرێک کە کەرەستەکان دابپۆشێت.

چەوەندەرەکە سوێر ناکەین، چەند سرکەت بەکار ھێنا نیو ئەوەندە ئاوی تێکەڵ بکە.

ئەو ھەفتەیەی کە دەکرێتە خوێیاوەوە بۆ ئەوەیە تاڵی و تام خاوی و رەقی شێلمەکە نەمێنێت.

لە شوێنێکی فێنکدا دایبنێ و دوای دوو رۆژێک ئامادەیە بۆ خواردن.

S.A