چۆن خۆت دەپارێزیت لە توشبوون بە هەستیاری لە سەرەتای وەرزی پایزدا؟

PM:03:21:20/09/2021

3352 جار خوێندراوەتەوە

ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە لە وەرزی بەهار و پایزدا کۆمەڵێک نیشانەی بێزارکەریان ڕووبەڕوودەبێتەوە، لەوانە پژمینی یەک لە دوای یەک، خورانی چاو و تەنانەت هەندێک نیشانەی توندی پەتای وەرزیشی لەگەڵدایە.

دەسپێکی هەستیارییەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی زۆرێک لە خەڵکی لە سەرەتای دەستپێکی وەرزی بەرهار و پایزدا توشی هەستیاری دەبن لە کۆتاییەکانی مانگی ئابەوە دەست پێ دەکات و لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمدا بەردەوام دەبێت.

هۆکاری سەرەکی هەستیاری وەرزی دەگەڕێتەوە بۆ دەنکەهەڵاڵە و سیستەمی ژیانی درەخت و گوڵەکان لە هەردوو وەرزەکەدا و گواستنەوەی دەنکە هەڵالەکان بەناو هەوادا بەڕاددەیەکە دە دەتوانێت سەدان میل زیاتر بڵاوببێتەوە، بەڵام دەکرێت تەپوتۆز و هەندیک جۆری کەڕوەکانیش ببنە هۆکار بۆ دروستکردنی هەستیاری.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕیwikihow کۆمەڵێک ڕێگە هەیە بۆ ڕێگرتن لە هەستیاری گەر لە ماڵەوە بیت یان لە دەرەوە:

یەکەم: هەوڵبدە نەچیتە دەرەوە لەو کاتانەدا کە ڕێژەی دەنکە هەڵاڵە زۆرە لە هەوادا: لەو ڕۆژانەدا کە ڕەشەبا بوونی هەیە، ڕێژەی بوونی دەنکە هەڵاڵە لە هەوادا زۆرە و لە کاتژمێر پێنجی بەیانی تاوەکو ١٠ ی بەیانی زۆرترین ئەگەری توشبوون بە هەستیاری هەیە.

دووەم: لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا جامەکان بە کەمی بکەرەوە: هەوڵبدە جامی ئۆتۆمبێلەکەت کەمێکی بکەیتەوە نەک هەمووی، چونکە ڕێژەیەکی زۆر تەپوتۆز و دەنکەهەڵاڵە دەهێنێتە ژوورەوە، لەجیاتی ئەوە هەوڵبدە سیستەمی هەوای ئۆتۆمبێلەکەت بەکاربهێنیت چونکە ڕێگری دەکات لە هاتنەژوورەوەی تەپوتۆز و دەنکەهەڵالە.

سێیەم: پۆشاکەکەت بگۆڕە و ڕۆژانە سەرت بشۆ: دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک دەچیتە دەرەوە، کاتێک دەگەڕێیتەوە ماڵەوە، پۆشاکەکانت بگۆڕە و سەرت بشۆ، قژ یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ کۆبوونەوەی دەنکۆڵە وردەکان، بۆیە دڵنیابە لەوەی کە پاک و خاوێن ڕایبگریت.

چوارەم: گسکدان و سڕینەوەی ناوماڵ: پێویستە خاوێن ڕاگرتنی ناوماڵ بکرێت بە دووهێندە لە وەرزی هەستیاریدا، بۆ نمونە گەر لە کاتی ئاسایدا هەفتەی دووجار ناوماڵ گسک بدەیت پێویستە بیکەی بە سێ جار، و سڕینەوەش لە دوو جار کەمتر نەبێت لە هەفتەیەکدا.

پێنجەم: ئاژەڵە ماڵییەکان دووربخەرەوە لە چێشتخانە و شوێنی نوستن: ئاژەڵەکانی وەک سەگ و پشیلە کاتێک دەچنە دەرەوە بەهۆی زۆری جوڵەیانەوە دەکرێت ڕێژەیەکی زۆر لە دەنکە هەڵاڵەکان هەڵبگرن کە ئەمەش وادەکات ببنە هۆی گواستنەوەی بۆت، بۆیە هەوڵبدە ڕێگربیت لەوەی بچنە ناو جێگەی نوستنەکەت و شوێنی ئامادەکردنی خوانەکانی ڕۆژانەت.