چی بەسەر جەستەت دێت کاتێک دڵت دەشكێت؟

PM:08:10:25/11/2023

31008 جار خوێندراوەتەوە

زانایان نهێنی و هۆکاری مردنی هەندێک کەسیان ئاشکرا کردووە کە لەدوای تێکچوونی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیان یان لە دەستدانی خۆشەویستەکانیان رووبەڕووی بوونەتەوە.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی برایت سایتدا هاتووە، چەند زانایەک لە زانکۆی کامبریج بۆیان دەرکەوتووە، رووداوە ناخۆشەکانی ژیان کە توند و ئازار بەخشن دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی رێژەی خانەکانی دڵ و هەستکردن بە دڵشکان، سەرچاوەکە روونی کردووەتەوە کە دەتوانرێت لە رێگەی دەرمانەوە لە داهاتوودا رێگری لە مردنی پێشوەختە بکرێت.

رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، ئەم نەخۆشییە کاتێک روودەدات کە لە پڕدا ماسولکەی دڵ لاواز دەبێت و شێوەی ژووری چەپی دڵ دەگۆڕێت، هەروەها زانایان باس لەوە دەکەن خانەکانی دڵ پەیوەستن بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونییەوە، چونکە بە دوایدا شۆکی سۆزداری دێت و کاریگەری دەبێت لەسەر شکاندنی دڵ.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە زۆرجار لە نەخۆشی جەڵتەی دڵ دەچێت، دەبێتە هۆی ئازاری سنگ و کورتبوونی هەناسە و دەتوانێت ببێتە هۆی وەستانی لێدانی دڵ، ئەم حاڵەتە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٠ لە ژاپۆن دەستنیشان کراوە.