بۆنی ناخۆشی جەستە ئەم هۆکارە تەندروستییانەی لە پشتەوەیە

PM:05:43:16/11/2023

27496 جار خوێندراوەتەوە

بۆنی ناخۆشی جەستە بەهۆی ئارەقکردنەوەوە گرفتێکە زۆر کەس بەدەستیەوە دەناڵێنن، هەندێکجار دەبێتە هۆی شەرمەزاری و کێشەی کۆمەڵایەتی، بۆنی جەستە خۆی بوونی نییە مەگەر گەشەی بەکتریا نەبێت کە لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ کێشەی تەندروستی.

بەپێی راپۆرتێکی "لوبنان٢٤" گرنگترین هۆکاری بۆنی ناخۆشی جەستە، ئاستی گرنگیدان بە پاکوخاوێنی رۆژانەیە، کە ئارەقکردنەوەی زۆر هۆکارێکی سەرەکییە و تەنها پێستیش بەرپرس نییە، بەڵکو گرنگی نەدان بە پاکوخاوێنی کەسیی بۆنی ناخۆش لە هەموو دەردراوەکانی ترەوە بەرهەم دەهێنێت و شلەمەنییەکانی جەستەش بەهەمان شێوە، وەک بۆنی دەم و بۆنی مووەکانی جەستە و ئەوانی تر، ئەم بۆنە دەگەڕێتەوە بۆ زاوزێی خێرا و لە بەکتریا جۆراوجۆرەکانەوە روودەدات کە لەسەر رووی پێست گەشە دەکەن.

دیارترین هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی جەستە لە ئەنجامی کێشە تەندروستییەکانەوەیە، لەوانە ئەوەی کەسەکە تووشی "هایپەرهیدرۆزی" دەبێت، لەو ماوەیەدا بۆنێکی زۆر ناخۆش بەرهەم دێت و بەم جۆرە ئەگەری بۆنێکی خراپتری دەبێت، یەکێکی تر لە هۆکارە دیارەکان ئەوەیە کە کەسەکە هەندێک دەرمان و تەواوکەری خۆراکی وەک تەواوکەری زینک و ئاسن دەخوات، هەروەها نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە هۆکارەکانی تر.

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی جەستە تێکچوونی رژێنی غودەی دەرەقییە، کە هەندێک کەس بەدەستیەوە دەناڵێنن، جا لەڕێگەی چالاکی زۆرەوە بێت یان ناچالاکی، هەر تێکچوونێک لە کارەکانی جگەر و گورچیلەشدا یەکێکە لەو کێشە تەندروستییانەی کە دەبێتە هۆی ئەو بۆنانە، لە دیارترین شوێنەکانی بەرهەمهێنانی بۆنی جەستەی ناخۆش بریتین لە ناوک و چەماوەی ران و بنباڵ و ژێر چەناگە و شوێنە هەستیارەکان، هەروەها کونەکانی گوێش.

H.Y